جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس ڕایگەیاند شاندی دانوستانکاری ئێران پەیوەست بە مەرجەکانی ئەمەریکا "بە ئاراستەی ئێمە جوڵەیان کرد، بەڵام بە گوێرەی پێویست نەبووە."
جەی دی ڤانس سەرۆکایەتی شاندی ئەمەریکای دەکرد لە گفتۆگۆ ڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئێراندا، کە ڕۆژی شەممە دەستیان پێکرد و دوای نزیکەی 21 کاتژمێر بەبێ ئەنجام کۆتاییان هات.
ڤانس لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی فۆکس نیوسدا ڕایگەیاند، "دەستپێکردنەوەی گەڕێکی تری دانوستانەکان پەیوەستە بە ئێرانییەکانەوە، چونکە تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە."
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی دا بەوەی "هێڵی سوری" ئەمەریکا بریتییە لە دڵنیابوونەوە لەوەی ئێران توانای پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نەمێنێت و "پشتگیری تیرۆر نەکات."
گوتی، "بەرپرسانی ئێران دەڵێن نایانەوێت چەکی ناوەکی دروست بکەن، ئەمە شتێکی باشە، بەڵام پێویستە ڕێوشوێن بۆ ئەمە هەبێت."
جەختیشی کردەوە لەوەی ئەمەریکا سورە لەسەر بردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، کە لە هێرشەکانی چەکوشی نیوەشەودا "ژێر خاک کەوتووە" و بووەتە "تەپ و تۆز."
ڤانس ڕایگەیاند، "ئێمە هێڵی سوری دیاریکراو و ڕونمان هەیە، سەرۆکیش گوتوییەتی زۆر دڵخۆش دەبێت بەوەی ئێران وەک وڵاتێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، کە ئابوورییەکی ئاسایی هەبێت و خەڵکەکەی بتوانن ژیانێکی خۆشگوزەران و فەراهەمیان هەبێت. بەڵام دەبێت لەو لایەنەش ئاسایی بن کە چەکی ناوەکییان نەبێت و پشتگیری لە تیرۆر نەکەن."
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند لە کاتی گفتوگۆکاندا شاندی ئەمەریکا بۆی دەرکەوتووە شاندی ئێران توانای بڕیاردانی نەبووە و پێویستی بەوە هەبووە بگەڕێتەوە تاران "بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی ڕابەری باڵا یان کەسێکی تر لەسەر مەرجەکانمان."
سەبارەت بە پرسی تەنگەی هورمز، ڤانس جەختی کردەوە لەوەی کردنەوەی ڕێڕەوەکە بە سەلامەتی مەرجێکی سەرەکی ئاگربەست و ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا بووە. هۆشداری دا لەوەی بەردەوامی ڕێگری ئێران لە کردنەوەی ڕێڕەوەکە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ئاراستەی دانوستانەکان. گوتیشی ئەمەریکا وەک کارتێکی فشار بەردەوام دەبێت لە گەمارۆی هاتوچۆی کەشتییەوانی بۆ بەندەرەکانی ئێران.