سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ مەسعود پزشکیان و دۆناڵد ترامپ قسەی کردووە و داوای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران و کۆتاییهێنان بە هەر پەرەسەندنێکی گرژییەکانی کردووە.
ئیمانوێل ماکرۆن ڕۆژی سێشەممە 14ی مانگی چوار لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند دەبێت ئاگربەستی نێوان لایەنەکان بە تەواوی ڕێزی لێبگیرێت لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە و لوبنانیش بگرێتەوە و دەشڵێت "هەروەها زۆر گرنگە تەنگەی هورمز بە زووترین کات، بەبێ هیچ سنووردارکردن و ئاڵۆزییەک، بەبێ مەرج بکرێتەوە."
وتیشی "لە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەدا دەبێت بتوانرێت دانوستانەکان بە خێرایی و بە پاڵپشتی ئەکتەرە سەرەکییەکان دەست پێبکەنەوە."
سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندووە فەرەنسا و بەریتانیا ئەم هەینییە لە پاریس کۆنفرانسێک بەڕێوە دەبەن کە لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە ئەو وڵاتانە کۆدەکاتەوە کە بەشدار نین لە شەڕەکەدا و ئامادەن بەشداری بکەن لە ئەرکێکی فرەلایەنە و تەنیا بۆ بەرگریکردن و گەڕاندنەوەی ئازادی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدا.
لە سەرەتای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی مانگی سێ، تەنگەی هورمز لە لایەن سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامییەوە بەڕووی زۆر کەشتی و کەشتیوانیدا داخراوە و تەنیا چەند نەوتهەڵگر و کەشتییەکی سەر بە وڵاتانی دۆستی ئێران توانیویانە تێیدا تێپەڕن.
پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی وزە و بەرهەمەکانی دیکەی وەک هیلیۆم و پێوی کیمیایی و پترۆکیمیایی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و گاز، هەروەها کەمیی کاڵای ستراتیژی لە جیهاندا.