Accessibility links

ترامپ: ئەمەریکا دەستبەجێ گەمارۆی تەنگەی هورمز دەست پێدەکات

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند دوای شکستی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، هێزی دەریایی ئەمەریکا دەستبەجێ دەست بە گەمارۆدانی تەنگەی هورمز دەکات.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی شەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تروث پەیامێکی سەبارەت بە دانوستانەکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تاکە پرسێک کە گرنگە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە کە ڕێککەوتنی لەسەر نەبووە.

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت لەم ساتەوەختەوە هێزی دەریایی ئەمەریکا کە باشترینە لە جیهاندا دەست دەکات بە پرۆسەی گەمارۆدانی هەموو ئەو کەشتیانەی کە هەوڵی چوونە ژوورەوە یان دەرچوون لە تەنگەی هورمز دەدەن.

هەروەها ڕەتیشیکردەوە کە ئێران ڕێگەی پێدرابێت لە کەشتییەکان پارە وەربگرێت و جەختی لەوە کردەوە کە فەرمانی بە هێزی دەریایی ئەمەریکا کردووە "هەر کەشتییەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کە پارەیان بە ئێران داوە دەستنیشان بکات و ڕایانگرێت. هیچ کەسێک کە ئەم پارە نایاساییە بدات، پارێزراو نابێت لەسەر دەریاکان."

دۆناڵد ترامپ نووسیویەتی، "کۆماری ئیسلامی لە هەموو کەس باشتر دەزانێت چۆن کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت کە پێشتر وڵاتەکەی وێرانکردووە”.

وتیشی "هێزی دەریایی ئەوان نەماوە، هێزی ئاسمانییان لەناوچووە، سیستەمی دژە فڕۆکە و ڕاداریان بێ کەڵک بووە، خامنەیی و زۆربەی سەرکردەکانیان مردوون و هەموو ئەمانەش بەهۆی تەماحە ئەتۆمییەکانیانەوە بووە."

ئاماژەی بەوەشکرد "بەم زووانە گەمارۆکە دەست پێدەکات. وڵاتانی دیکەش بەشداری دەکەن. ئێران ڕێگەی پێنادرێت قازانج لەم کارە نایاساییە وەربگرێت. ئەوان پارەیان دەوێت و لەوەش گرنگتر هێزی ئەتۆمییان دەوێت. جگە لەوەش و لە کاتی گونجاودا ئێمە بە تەواوی ئامادە و چەکدارین و هیزەکەمان ئەوەی لە ئێران ماوەتەوە، لەناوی دەبات!."

سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی دا کە ئەو وڵاتە ئەو مینانەی ئێران دایناون، پاکیان بکاوە و دەشڵێت "هەر ئێرانییەک تەقە لە ئێمە یان لە کەشتییە مەدەنییەکان بکات لەناو دەچێت!"

سەرۆکی ئەمەریکا چەند خولەکێک دواتر پەیامێکی دووەمی بڵاو کردەوە و بە وردی دانوستانەکانی ڕۆژی شەممەی لەگەڵ ئێرانی خستۆتە ڕوو.

سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوە کردووە "ئێران بەڵێنی کردنەوەی تەنگەی هورمزی دابوو، بەڵام بە ئەنقەست نەیانتوانی ئەو کارە بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ و پەککەوتن و ئازار بۆ زۆرێک لە خەڵک و وڵاتان لە سەرانسەری جیهاندا، دەڵێن مینیان لەناو ئاوەکەدا داناوە، هەرچەندە تەواوی هێزی دەریایی خۆیان و زۆربەی مین چێنەرەکانیان بەتەواوی لەناوچوون. لەوانەیە هەیانبێت، بەڵام چ خاوەن کەشتییەک ئامادە دەبێت ئەو مەترسییە گەورەیە بکات؟ ئەم دۆخە شەرمەزاری و زیانی هەمیشەیی بە ناوبانگی ئێران و ئەو سەرکردانەی ماونەتەوە،دەگەیەنێت. باشتر وایە وەک چۆن بەڵێنیان دابوو، دەستبەجێ پرۆسەی کردنەوەی ئەم ڕێڕەوی ئاوییە نێودەوڵەتییە دەست پێبکەن. ئەوان هەموو یاسایەک پێشێل دەکەن."

سەرۆک ترامپ دەشڵێت "بە تەواوی لەلایەن جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس و نێردەی تایبەت ستیڤ ویتکۆف و جەرێد کوشنەرەوە لەبارەی وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکە لە ئیسلام ئاباد ئاگادارکرامەوە."

سەرۆکی ئەمەریکا نووسیویەتی "دیدار لەگەڵ ئێران لە بەیانی زووەوە دەستی پێکرد و تا شەو بە باشی بەردەوام بوو؛ نزیکەی 20 کاتژمێر. دەتوانم بچمە ناو وردەکارییەکی زۆرەوە و باسی ئەو دەستکەوتە زۆرانە بکەم، بەڵام تەنیا یەک شت گرنگە: ئێران ئامادە نییە دەستبەرداری تەماحە ئەتۆمییەکانی بێت!."

سەرۆک ترامپ وتی لە زۆر ڕووەوە ئەو شتانەی کە لەسەری ڕێککەوتبوون باشترن لەوەی بەردەوام بین لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان تا کۆتایی، بەڵام هیچ کام لەو شتانە بە بەراورد بەوەوەی ڕێگە بدرێت هێزی ئەتۆمی بکەوێتە دەستی کەسانێکی وەها ناسەقامگیر و توندڕەو و پێشبینینەکراو، بایەخی نییە.

ترامپ وتیشی "سێ نوێنەرەکەم، لەم ماوەیەدا، هەروەک چاوەڕوان دەکرا، لەگەڵ نوێنەرانی ئێران، محەممەد باقر قاڵیباف، عەباس عەراقچی، عەلی باقری پەیوەندییەکی زۆر دۆستانەیان هەبووە، بەڵام ئەوە گرنگ نییە، چونکە بە ڕەهایی لەسەر گرینگترین پرس پێداگریان کردووە و وەک هەر لە سەرەتاوە و بۆ چەندین ساڵە وتوومە، ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت!

This item is part of
XS
SM
MD
LG