ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بڵاویکردووەتەوە بەشێک لە ناکۆکی نێوان لایەنەکان پەیوەندیان بە پێداگری حکومەتی ئێرانەوە هەبووە لەسەر کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز و ڕەتکردنەوەی دەستبەرداربوونی لە پیتاندنی یۆرانیۆم و یۆرانیۆمی پیتێنراوی پاشەکەوت کراو.
جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردووەتەوە ئەمەریکا و ئێران بۆ ماوەی 21 کاتژمێر "دانوستاندنێکی بەرفراوان"یان هەبووە، بەڵام نەیانتوانیوە ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن.
ڤانس دوای ئەوەی دانوستانەکان بە بێ ئەنجام کۆتایی هات، وتی "ئەوە هەواڵێکی ناخۆشە بۆ ئێران، زۆر زیاتر لەوەی بۆ ئەمریکا بێت. ئێمە هێڵە سوورەکانمان زۆر ڕوون کردووەتەوە، ئەوانیش بڕیاریان داوە مەرجەکانمان قبوڵ نەکەن."
ڤانس ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا دەیەوێت "بەڵێنێکی ئەرێنی" درێژخایەن لە ئێرانەوە هەبێت کە بەدوای چەکی ئەتۆمی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی خێرادا نەگەڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد تا ئێستا ئەوەمان نەبینیوە، هیوادارین ئەوە ببینین.
میدیاکانی دەوڵەتی ئێران هەروەها ڕایانگەیاندووە، دانوستانەکان شکستیان هێناوە، چونکە لایەنی ئەمەریکایی "واقیعی نییە" و "داواکاریی زیادەڕەوی کردوە".
چەقبەستوویی وتووێژەکان ئاگربەستی دوو هەفتەیی خستووەتە ژێر گومانەوە کە هەفتەی ڕابردوو لەسەری ڕێککەوتبوو و ئەگەری دەستپێکردنەوە و پەرەسەندنی شەڕەکەی بەرزکردووەتەوە.