Accessibility links

ڕۆیتەرز: برینی قورسی دەموچاو و قاچەکانی موجتەبا خامنەیی لە چاکبوونەوەدایە

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی نزیک لە بازنەی ناوەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران، هێشتا خەریکی وەرگرتنی چارەسەرییە بۆ ئەو برینە قورسانەی لە دەموچاو و قاچەکانیدا دروستبووە، ئەمەش لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا کە تێیدا باوکی و ژمارەیەکی دیکە کوژران.

سەرچاوەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، لە هێرشەکەی سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ڕێبەری باڵای ئێران لە ناوەڕاستی تاران ڕووخساری موجتەبا خامنەیی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و هەروەها قاچێک یان هەردوو قاچیش بە قورسی بریندار بووە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت بەڵام خامنەیی تەمەن 56 ساڵ لە چاکبوونەوەدایە و تا ئێستاش لە ڕووی دەروونییەوە بە وریاییەوە ماوەتەوە.

بە گوێرەی قسەی دوو لەو سەرچاوانە، مەجتەبا لە ڕێگەی لینکی دەنگییەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی باڵا دەکات و بەشدارە لە بڕیاردان لەسەر پرسە گرنگەکان، لەوانە شەڕ و دانوستان لەگەڵ واشنتن.

لێدوانی سەرچاوەکان سەبارەت بە ئاستی برینداربوونی خامنەیی لەگەڵ لێدوانەکانی پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا لە 13ی مانگی سێ یەکدەگرێتەوە، کە ڕایگەیاندبوو کە موجتەبا خامنەیی بریندار بووە و ئەگەری هەیە شێوەی شێواو بێت."

ڕۆیتەرز نووسیویەتی ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ لێدوانەکانی سەرچاوەکان پشتڕاست بکاتەوە.

ئەم ڕاپۆرتە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە میدیاکانی بەریتانیا بە پشتبەستن بە یاداشتێکی هەواڵگری باسیان لەوە کرد ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا بێهۆشە و ناتوانێ حوکمڕانی بکات.

ئەم هەڵسەنگاندنە کە دەگوترێ لەسەر بنەمای هەواڵگریی ئەمەریکا و ئیسرائیل بووە، ئاماژەی بەوە کردبوو کە موجتەبا خامنەیی لە شاری قوم بە هۆی حاڵەتێکی پزیشکی قورسەوە چارەسەری وەردەگرێت.

ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز باس لەوە دەکات کە شوێن و بارودۆخ و توانای حوکمڕانی خامنەیی تا ڕادەیەکی زۆر بۆ خەڵک نادیارە.

موجتەبا خامنەیی لە دوای دەستنیشانکردنی وەک ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی، تا ئێستا لەبەردەم خەڵکدا نەبینراوە.

کۆماری ئیسلامی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە هەمان ئەو هێرشەدا کە عەلی خامنەیی کوژرا، موجتەباش تووشی برینی سووک بووە، هێرشێک کە هاوژینەکەی و هەندێک کەسوکاریشی تێدا کوژران. بەڵام تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئامادەنەبوونی ناوبراو نەدراوە.

کەسێکی نزیک لە بازنەی خامنەیی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە پێشبینی دەکرێت لە یەک دوو مانگی داهاتوودا وێنەی نوێی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بڵاوبکرێتەوە و تەنانەت ڕەنگە تا ئەو کات خۆی لەبەردەم خەڵکدا دەربکەوێت.

هەر سێ سەرچاوەکە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە موجتەبا تەنها کاتێک دەردەکەوێت کە بارودۆخی تەندروستی و ئەمنی ڕێگەی پێبدات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG