Accessibility links

گەڕانەوەی ئاسمانگەڕان لە مانگەوە بۆ بەرگەهەوای زەوی مەترسیدارترین قۆناغە

ئاسمانگەڕانی ئارتمیسی 2 کە توانیویانە زیاتر لە 406 هەزار کیلۆمەتر دوور بکەونەوە لە زەویەوە، ڕەنگە ئەمشەو لە هەر کات زیاتر پێویستیان بە نزا و هیواخوازی ئێمە بێت. چونکە کاتێک کەشتییەکەیان دەگاتە بەرگەهەوای زەوی، گەرمی بەرگی دەرەوەی زیاتر لە 2 هەزار و 700 پلەی سەدی تێپەڕ دەکات.

بڕیارە گەشتی ئارتمیس 2 ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر هەشت و حەوت خولەکی ئێوارە بە کاتی واشنتن (سێ و حەوت خولەکی بەیانی ڕۆژی شەممە بە کاتی هەولێر) کۆتایی بێت.

کەشتی ئۆڕایۆن کە سێ ئاسمانگەڕی ئەمەریکایی و یەکێکی کەنەدایی هەڵگرتووە، چاوەڕواندەکرێت لە زەریای هێمن لە نزیک کەناراوی سان دیێگۆ لە کالیفۆڕنیا بنیشێتەوە سەر ئاو.

گەڕانەوە بۆ بەرگەهەوای زەوی بە مەترسیدارترین قۆناغ دادەنرێت لە تەواوی گەشتەکە 10 ڕۆژیەکەی ئارتمیس 2.

کاتێک کەشتی ئۆڕایۆن دەگاتە ناو بەرگەهەوای زەوی، خێراییەکەی دەگاتە زیاتر لە 30 ئەوەندەی خێرایی دەنگ، واتا نزیکەی 11 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا.

کاریگەری لێکخشانەکەی لەگەڵ بەرگەهەوادا دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی گەرمی ڕووپۆشی کەشتییەکە بۆ نزیکەی 2 هەزار و 760 پلەی سەدی.

یەکێک لە ئاسمانگەڕان، ڤیکتۆر گلۆڤەر، ڕۆژی چوارشەممە لە خولگەی مانگ لە ڕێگەی سەرهێڵەوە بە ڕۆژنامەوانانی گوت، "ئەگەر ڕاستگۆبم لەگەڵتان، لەوەتەی ڕۆژی 3ی چواری 2023 بۆ کارەکە ڕاسپێردراوین، بیر لە ساتەکانی گەڕانەوە بۆ زەوی دەکەمەوە."

چوار ئاسمانگەڕەکەی ئارتمیسی 2 بە پەرۆشەوە سەرکەوتنی گەشتەکەیان پیرۆز دەکەن و باوەش بەیەکدا دەکەن.
چوار ئاسمانگەڕەکەی ئارتمیسی 2 بە پەرۆشەوە سەرکەوتنی گەشتەکەیان پیرۆز دەکەن و باوەش بەیەکدا دەکەن.

لەو ماوەیەی پلەی گەرمی بەرزدا، ئاسمانگەڕان لەژێر کاریگەری گەرمییەکەدا بۆ نزیکەی 16 خولەک تەواوی پەیوەندییان لەگەڵ تیمی ناسا لەسەر زەوی دەپچڕێت.

زانایانی ناسا بەرگێکی پارێزەریان لە گەرمی بۆ کەشتی ئۆڕایۆن داناوە، هەروەها دوای ئەو 16 خولەکە لە پچڕانی پەیوەندی، دەستبەجێ خێرایی کەشتییەکە لە ڕێگەی پەرەشوتەوە هێواش دەکرێتەوە.

پرۆسەی هێنانەوەی ئاسمانگەڕان دوای سەرئاوکەوتنی کەشتییەکە لە کاناراوی سان دیێگۆ چەندین کاتژمێر دەخایەنێت و لەلایەن تیمەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت.

دوای هاتنەوەیان بە سەلامەتی، ئاسمانگەڕان دەستبەجێ دەگوازرێنەوە بۆ سەر کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمەریکا بۆ پشکنینی پزیشکی و دڵنیابوونەوە لە تەندروستییان.

ڕۆژی 1ی چواری 2026 ئاسمانگەڕان گەشتە 10 ڕۆژەکەیان بۆ خولگەی مانگ دەستپێکرد.

ڕۆژی 6ی چوار مێژوویان تۆمار کرد، ئەوکاتەی نزیەکەی 406 هەزار و 771 کیلۆمەتر دوورکەوتنەوە لە زەوی، کە بریتییە لە دوورترین خاڵی ڕۆیشتنی ڕاستەوخۆی مرۆڤ بۆ ناو قوڵایی واڵایی لە مێژوودا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG