هاوپەیمانی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئێران و ئەمەریکا جەخت لەسەر بەرپرسیارێتی ڕێژیمی ئێران لە شەڕ و وێرانکاری دەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن هەڵگیرسانی شەڕ و داڕمانی ئاسایشی ناوچەکە، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
ئەو هاوپەیمانییە لە بەیاننامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات ئەم ڕژیمە لە ڕێگەی هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە، پەیڕەوکردنی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی، پشتیوانی لە تیرۆر، پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، جیهانی بەرەو ناسەقامگیری بردووە.
هاوپەیمانی حزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هەروەها نووسیویەتی "ئێمە پێشوازی لە هەر ڕێکارێک دەکەین کە ببێتە هۆی ڕاگرتنی خوێنڕشتن و پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل، بەڵام هۆشداری دەدەین کە ئاگربەست نابێت ببێتە دەرفەتێکی تاکتیکی بۆ ئەوەی ڕێژیم وەک ڕابردوو کەڵکی لێ وەربگرێت بۆ خۆ رێکخستنەوە و نزیکبوونەوە لە دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەی هاوپەیمانی حزبە سیاسییەکاندا هاتووە "داوا دەکرێت ئاگربەستەکە ببێتە هۆی کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانە سەربازی و ئەمنییەکان، هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامەی ئەتۆمی و موشەکی و پابەندبوون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و داننان بە مافە ڕەواکانی نەتەوەکانی ئێران و بە تایبەت مافی مافی مرۆڤ چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کورد."
هاوپەیمانی حزبە کودییەکان دەڵێت "ئەزموونی 47 ساڵەی کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە کە ئەم ڕێژیمە چاکسازیی تێدا ناکرێت و تەنیا بە گۆڕانکاری بنەڕەتی و دێموکراسی ئاشتی بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە."
کاردانەوەی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەرامبەر بە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمەریکا