Accessibility links

ترامپ: ئێران هیچ کارتێکی بەدەستەوە نییە؛ تاکە هۆکاری زیندووبوونیان ئەوەیە بتوانن دانوستان بکەن

دۆناڵد ترامپ لە دوایین پەیامی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث، هێرشی توندی کردە سەر کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران و وتی "بەرپرسانی ئێران هێشتا درکیان بەوە نەکردووە هیچ کارتێکیان بەدەستەوە نەماوە."

سەرۆک ترامپ نووسیویەتی ئێران تەنیا ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی بەدەستەوە ماوە کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کورتخایەن دژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کەڵکی لێوەربگرێت و ئەم تاکتیکە تاکە ئامرازی ئەوانە.

سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەدا دەڵێت "تاکە هۆکاری ئەوەی ئێرانییەکان هێشتا زیندوون، ئەوەیە کە بتوانن دانوستان بکەن."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها لە پۆستێکی دیکەدا نووسیویەتی "ئێرانییەکان توانایان لە بەڕێوەبردنی میدیای ساختە و هەواڵی چەواشەکارانە و لە پەیوەندییە گشتییەکاندا باشترن تاکو لە شەڕکردندا !."

سەرۆک ترامپ پێش بڵاوکردنەوەی ئەم پۆستانەی ئەمڕۆ هەینی هەڕەشەی ئەوەی کرد کە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا "باشترین چەک و تەقەمەنی" باردەکەن، بۆ ئەوەی لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکانی ئاشتی لە پاکستان، هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێبکەنەوە.

سەرۆک ترامپ کاتژمێرێک دوای گەشتەکەی جەی دی ڤانس و ویتکوف و کۆشنەر بەرەو پاکستان بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئێران، بە ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ڕاگەیاند "دوای 24 کاتژمێری دیکە دەردەکەوێت ئایا دانوستانەکان سەرکەوتوو دەبن یان نا."

سەرۆک ترامپ وتیشی "ئێمە خەریکی سەرلەونوێ ڕێکخستنەوەی خۆمانین. ئێمە خەریکین کەشتییەکانمان بە باشترین تەقەمەنی باردەکەین، باشترین چەک کە تا ئێستا دروستکرابێت. تەنانەت باشتر لەوەی پێشتر بەکارمان هێناون."

سەرۆکی ئەمەریکا وتی "ئەگەر ڕێککەوتنێک نەیەتە ئاراوە، ئەو چەکانە بەکار دەهێنین و زۆر کاریگەرانەش بەکاریان دەهێنین".

نوێنەرانی ئێران لە وتووێژەکانی ڕۆژی شەممە لەگەڵ ئەمەریکا بە فەرمی ناوەکانیان دیار نییە، بەڵام سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی(سەرۆکی پەرلەمانی ئێران) و عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕیزی شاندی ئێران دەبن.

دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە بەرپرسانی ئێران بە ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ڕاگەیاندووە "ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسانێک دەکەین کە نازانین ڕاستییەکان دەڵێن یان نا."

وتیشی "ئەوان ڕووبەڕوو پێمان دەڵێن کە دەستبەرداری هەموو چەکی ئەتۆمی دەبن، هەموو شتێک لەناو براوە، بەڵام دواتر کاتێک قسە لەگەڵ میدیاکان دەکەن، دەڵێن، نا، ئێمە دەمانەوێت پیتاندین بکەین. بۆیە با چاوەڕی بکەین بزانین چی دەبێت."

هاوکات ئێران لەو کاتەوەی ئاگربەستەکە دەستیپێکردووە، ڕایگەیاندووە مەرجێکی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر حزبوڵا لە لوبنان. هەروەها سەعاتێک لەمەوبەر محەممەد باقر قاڵیباف ڕایگەیاند "ئازادکردنی سەروەت و سامانی بەستوو"ی ئێران پێشمەرجێکی دیکەیە بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG