Accessibility links

نەتانیاهۆ دەڵێت فەرمانی دانوستانی ڕاستەوخۆی لەگەڵ لوبنان داوە

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند فەرمانی بە حکومەتەکەی کردووە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ لوبنان دەستپێبکات، لەنێویاندا سەبارەت بە چەککردنی حزبوڵای لوبنان.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە زاری نەتانیاهۆوە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی "لەبەر داواکارییە دووبارەکانی لوبنان بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، دوێنێ فەرمانم بە کابینەی حکومەت کرد کە بە زووترین کات گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لوبنان دەستپێبکات. ئەم وتووێژانە لەسەر چەککردنی حزبوڵا و دامەزراندنی پەیوەندیی ئاشتیانەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بەڕێوەدەچێت."

لەلایەکی دیکەوە کەناڵی ئێن بی سی نیوز بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە نەتانیاهۆ کردووە چڕی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کەم بکاتەوە بە مەبەستی دڵنیابوون لە سەرکەوتنی وتووێژەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.

بە وتەی ئەو بەرپرسە کە ناوی نەهێنراوە، نەتانیاهۆ بە داواکەی سەرۆکی ئەمەریکا ڕازی بووە.

چەند کاتژمێرێک پێش لێدوانەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان ڕایگەیاندبوو "تاکە چارەسەر بۆ دۆخی لوبنان گەیشتن بە ئاگربەستە لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان و دواتریش دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوانیان."

لێدوانەکەی بنیامین نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل سەرەڕای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمەریکا و ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان. ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ڕێککەوتنی ئاگربەست لوبنانیش دەگرێتەوە، بەڵام ئەمەریکا دەڵێت ئەوە ناگرێتەوە.

کاتژمێرێک پێش لێدوانەکەی نەتانیاهۆ، سوپای ئیسرائیل فەرمانێکی هۆشداری دەرکردبوو و داوای چۆڵکردنی ناوچەکانی باشووری لوبنان کرد.

حزبوڵا دوای سێ ڕۆژ لە دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردەوە. لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بەیرووتی بۆردومان کرد و پێشڕەوی کرد بۆ ناو خاکی لوبنان.

بە گوتەی بەرپرسانی لوبنان، لەهێرشەکانی ئیسرائیل تا ئێستا نزیکەی هەزار و 700 کەس کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش بێ ماڵ و حاڵ بوون. هەروەها حزبوڵا بە سەدان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە و چەندین ماڵیان وێران کردووە و دەیان کەسیش بریندار بوون.

This item is part of
XS
SM
MD
LG