سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ مارک ڕووتە سکرتێری گشتی ناتۆ لە کۆشکی سپی، ڕەخنەی لە شێوازی وەڵامدانەوەی ناتۆ گرت سەبارەت بە شەڕی دژ بە ڕژێمی ئێران.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە لە تۆڕی تروث رایگەیاند "ناتۆ لەوێ نەبوو" واتە لەگەڵمان نەبوو، ئەمەش لەکاتێکدا ئەمەریکا داوای یارمەتیکرد بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، بەڵام کۆمەڵێک لە وڵاتانی ئەورووپایی یارمەتی ئەمەریکایان نەدا و ڕێگەشیان نەدا لە ئاسمانیانەوە کەرەستەی سەربازی بۆ شەڕی ئێران بگوازرێتەوە.
ترامپ لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی"ئەگەر دووبارە داوای یارمەتیان لێبکەینەوە لەگەڵمان نابن."
هەروەها ئاماژەی بە کاردانەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کرد لە پرسی گرینلاند و ڕۆژی چوارشەممە وەک ئاماژەیەک بۆ پشتگیری نەکردنیان وتی "گرینلاندتان لەبیرە ،ئەو پارچە سەهۆڵە گەورەیەیی کە بەخراپی بەڕێوەدەبرێت."
ڕۆژی چوارشەممە لە پیش کۆبوونەوەکەی سەرۆکی ئەمەریکا و سکرتێری ناتۆ، کۆشکی سپی ڕایگەیاند "سەرۆک ترامپ لەو باوەڕەدایە ناتۆ لە بەدەنگەوەهاتنی شەڕی ئێراندا تاقیکراوەتەوە و لە تاقیکردنەوەکەدا دەرنەچوو"
وتەبێژی کۆشکی سپی کارۆڵین ڵیڤیت لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "ئەوەش دەڵێم کە جێگەی داخە لەماوەی شەش هەفتەی ڕابردوودا ناتۆ پشتی کردە ئەمەریکا، ئەمەش لەکاتێکدا خەڵکی ئەمەریکایە کە پارەی بەرگریەکەی دەدات."
سکرتێری ناتۆ لەپاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک ترامپ وتی "ئاشکرایە ترامپ لە زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ نیگەرانە."
ڕووتە بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند "تێدەگەم لە نیگەرانیەکانی ترامپ، بەڵام لەهەمان کاتدا زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا یارمەتیان داوە لە بەکارهێنانی بنکەکانیان و یارمەتی لۆجستیکی و هەروەها هەڵفڕینی فڕۆکەکان ودڵنیابوونەوە لەوەی کە بەئەرکی خۆیان هەڵساون."
وتەبێژی ناتۆ دەلێت هەردوو ڕێبەر گفتووگۆیەکی "ڕاشکاوانەیان" لەسەر چەندین بابەتی ئاسایشی هەبووە، لەنێویاندا شەڕی ئێران.