کارۆڵین ڵیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند قبوڵکردنی پلانی 10 خاڵی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە درۆیە و پێشنیاری 15 خاڵی ئەمەریکا دەبێتە بنەمای دانوستانەکان.
وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت "ڕژیمی ئێران چیتر تەحەمولی هێرشەکانی نەکرد و هاتە سەر مێزی دانوستان. بەتەواوی قبوڵ ناکرێت سەرۆک ترامپ لیستی داواکارییەکانی ڕێژیمی ئێران وەک ڕێککەوتنێک قبوڵ بکات."
کارۆڵین ڵیڤیت بە ئاماژە بەوەی کە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی سەرکەوتنێکی مێژوویی سەربازی بووە کە تێیدا ئەمەریکا ئامانجە پێشوەختە دیاریکراوەکانی خۆی بەدەستهێناوە، وتی "ئەمەریکا پاشەکشەی نەکرد، ئەوە ئێران بوو کە پاشەکشەی کرد."
وتەبێژی کۆشکی سپی هەروەها ڕایگەیاندووە لایەنی ئەمەریکایی بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس و بە ئامادەبوونی ستیڤ ویتکۆف و جەرێد کوشنەر لە ڕۆژی شەممەوە دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئێران دەست پێدەکات.