سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا هۆشداری دا بە ڕژێمی ئێران کە ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی توڕەیی ئەفسانەیی بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ئێستادا بریتییە لە "وەستانێک" نەک تەواوبوونی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکان.
جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا بەردەوام ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان ئەگەر فەرمان بکرێت.
جەنەڕاڵ دان کەین ڕایگەیاند لەوەتەی 28ی مانگی دوو کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمەریکا دەستپێکردووە، هێزە هاوبەشەکانی ئەمەریکا 13 هەزار ئامانجی ڕژێمیان پێکاوە، 80٪ هێزی بەرگری ئێرانیان لەناو بردووە، هەیکەلی فەرمان و کۆنترۆڵکردنی سەربازیی ئێرانیان وێران کردووە، ژێرخانی پیشەسازیی بەرگری ئێرانیان تەختی زەوی کردووە و توانای ڕژێمیان لاوازکردووە بۆ مەترسیخستنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا و هاوپەیمانانی.
جەنەڕاڵ کەین گوتی، "لەم دۆخەدا شەڕکردن ئیشێکی یەکجار پڕوکێنەرە بۆ ئەو فەرماندانەی کە لە پلەی باڵادا نین لەناو سوپای ئێراندا."
سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند لە پرۆسەکەدا نزیکەی 50 هەزار سەربازی ئەمەریکا بەشدار بوون، زیاتر لە 10 هەزار ئەرکی فڕۆکەییان ئەنجامداوە. لە نێوان ئەو ئەرکە ئاسمانییانەدا 62 لەلایە فڕۆکەی بۆمبەرەوە بوون، کە 18 دانەیان ڕاستەوخۆ لە ئەمەریکاوە بەرەو ئێران بوون و پاشان ڕاستەوخۆ گەڕاونەتەوە ئەمەریکا. هەر یەکێک لەو 18 ئەرکانە زیاتر لە 30 کاتژمێری خایاندووە.
"هیچ سوپایەک لە جیهاندا ناتوانێت ئەمە بکات، "جەنەڕاڵ کەین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پنتاگۆن، لە تەنیشت وەزیری جەنگ پیت هێگسێس، ئەمەی ڕاگەیاند.
وە هۆشداریشی دا لەوەی سوپای ئەمەریکا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان.
سەرۆکی ئەمەریکا و وەزیری جەنگ دەڵێن لە چوارچێوەی ئەو ئاگربەستە 14 ڕۆژەی ڕاگەیێندراوە، ئەمەریکا بە نێوندگیری پاکستان لەگەڵ ئێران گفتوگۆ دەکات بۆ بردن یان لەناوبردنی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران و سەرۆک ترامپ ڕایگەیاندووە ئەمەریکا لە ناوچەی تەنگەی هورمز دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی هاتووچۆی بازرگانی و گفتوگفۆش دەکرێت لەسەر پرسی سزا ئابوورییەکان.