سەرۆک وەزیرانی لوبنان وەڵامی بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامی دەداتەوە کە دەڵیت ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە.
نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە یەکەم لێدوانی خۆی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە ڕۆژنامەی شرقولئەوسەت ڕاگەیاند "هیچ کەس مافی دانوستانی بە ناوی لوبنانەوە نییە جگە لە حکومەتی لوبنان."
هاوکات سەرۆک وەزیرانی لوبنان ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئەو وڵاتە و ئیسرائیل بدات، بەڵام ڕایگەیاند حکومەتی لوبنان ئەوەی پێویست بێت لەم بوارەدا دەیکات.
وەزارەتی دەرەوەی لوبنان هەروەها بەیاننامەیەکی لەسەر ئەکاونتی ئێکس بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بەناوی لوبنانەوە دانوستان بکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە حکومەتی لوبنان هەرکاتێک بەپێویستی بزانێت دەچێتە دانوستانەکانەوە، پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە ئامادەیە ڕاستەوخۆ بە ناوی کۆمەڵگەی مەدەنی لوبنانەوە و بە پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بچێتە گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل.
وەزارەتی دەرەوەی لوبنان هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەروەری نیشتمانی لوبنان دانوستانی لەسەر ناکرێت و بڕیارەکانی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی سەبارەت بە داهاتووی سیاسی لوبنان تەنیا لە لایەن دامەزراوە یاساییەکانی ئەو وڵاتەوە دەدرێن، دوور لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی.
بەپێی زانیارییەکان زۆرێک لە لوبنانییەکان دەڵێن ئەم ململانێیە بە پێچەوانەی ئیرادەی گەل و حکومەتی لوبنان بەسەریاندا سەپێنراوە و حکوومەتی لوبنان هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ شکاندنی ئەم بنبەستە خستوەتەکار.
ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی کاریگەرییەکی بەرفراوانی لە بازنەی سیاسی و ڕاگەیاندنی لوبنان هەبووە.
کاردانەوەکان زۆر بەربڵاو بوون، بەتایبەتی بەرامبەر هەندێک لەو لێدوانانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئاگربەستەکە لوبنانیشی گرتووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سێ سەرچاوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە دوای ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی، حزبوڵای لوبنان هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕادەگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە ئاگربەستەکە لوبنان ناگرێتەوە.
میدیاکانی لوبنان بڵاویانکردووەتەوە لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا حزبوڵا بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە و هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕوون دەکاتەوە.
کاردانەوەی سەرۆک وەزیرانی لوبنان بۆ بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامی: هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بەناوی ئێمەوە دانوستان بکات