مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا شەوی سێشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند شێڵی کیتڵسن، ڕۆژنامەوانی ئەمەریکایی کە لەم دواییانەدا لەلایەن "گرووپی تیرۆریستی کەتایب حزبوڵا"ی عێراقی لە نزیک بەغدا ڕفێندرا، ئازاد کراوە.
ڕوبیۆ لە بەیاننامەکەیدا سوپاسی پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا (FBI) و وەزارەتی جەنگ و کارمەندانی دەزگا جیاوازەکانی ئەمەریکا و ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق و هاوبەشە عێراقییەکانی ئەمەریکای کرد بۆ هاوکاریکردنیان لە دەستەبەرکردنی ئازادکردنی ئەو ڕۆژنامەوانە و جەختی لەوە کردەوە کە بەڕێوبەرایەتی ترامپ پابەندە بە پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد لە سەردەمی سەرۆک دۆناڵد ترامپدا، "دەستبەسەرکردن یان ڕفاندنی نایاسایی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی جێگای قبوڵ کردن نییە و بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی هەموو ڕێگەیەک بۆ هێنانەوەی ئەمەریکاییەکان بۆ ماڵەوە و لێپرسینەوە لەوانەی هاووڵاتیانمان بە بارمتە دەگرن."
ڕوبیۆ وتیشی ئەمەریکا کاردەکات بۆ دڵنیابوون لە دەرچوونی ئەو ڕۆژنامەوانە لە عێراق بە سڵامەتی و پارێزراوی.
شێڵی کیتڵسن رۆژنامەوانێکی ئەمەریکاییە کە چەندین ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە عێراق و باشووری کوردستان کار دەکات. ئەو بۆ چەندین ڕۆژنامە و ماڵپەڕ ئیشی کردووە، لەوانە بۆ ئەلمۆنیتۆر و فارێن پاڵیسی و پۆڵێتیکۆ.
ئەو رۆژنامەوانە چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە رفێندرا.