Accessibility links

سەرۆک ترامپ هێرشەکان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە دوادەخات

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزە و پردەکانی ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە دوادەخات.

سەرۆک ترامپ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئێوارەی سێشەممە، کاتژمێرێک پێش ئەو وادەیەی بۆ کۆماری ئیسلامی دانابوو، رایگەیاند "لەسەر بنەمای وتووێژ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف و سەرۆکی سوپای پاکستان کە داوایان لێکردم هێرشەکانی ئەمشەو لە دژی ئێران ڕابگرم بەمەرجێک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕازی بێت بە کردنەوەی تەواو و دەستبەجێ و پارێزراوی تەنگەی هورمز، من ڕازی بووم بە ڕاگرتنی بۆردومان و هێرشەکان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە و ئەمەش ئاگربەستێکی دوولایەنە دەبێت."


سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت "هۆکاری ئەم کارە ئەوەیە کە ئێمە پێشتر هەموو ئامانجە سەربازییەکانمان بەدیهێناوە وتەنانەت زیاتر لەوەش ڕۆیشتووین و هەروەهاش لە ڕێگای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوەین سەبارەت بە ئاشتی درێژخایەن لەگەڵ ئێران و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتن پێشنیارێکی 10 خاڵی لە حکومەتی ئێرانەوە وەرگرتووە و پێی وایە دەتوانێت ببێتە بنەمایەکی کارا بۆ دانوستانەکان.

وتیشی "نزیکەی هەموو کێشەکانی ڕابردووی نێوان ئەمەریکا و ئێران چارەسەر کراون، بەڵام ئەم ماوەی دوو هەفتەیە ڕێگە بۆ بە ئەنجام گەیاندن و جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکە خۆش دەکات."

سەرۆک ترامپ وتی "بە ناوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وەک سەرۆک و بەناوی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شانازییەکی گەورەیە کە دەبینین ئەم پرسە لەمێژینە کۆتایی دێت، سوپاس بۆ گرنگیدانتان."

This item is part of
XS
SM
MD
LG