بەرپرسێکی کۆشکی سپی بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئاگربەستی 45 ڕۆژە تەنیا بیرۆکەیەکە و ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی بەردەوام دەبێت.
ئەو بەرپرسە ئەمڕۆ دووشەممە لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس وتی "ئەمە یەکێکە لە بیرۆکە زۆرەکان، سەرۆکیش پشتڕاستی نەکردۆتەوە" و ئاماژەی بەوەشکرد ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی بەردەوام دەبێت.
ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی بە ئاماژەدان بە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆک کە بڕیارە پاشنیوەڕۆی دووشەممە بە کاتی واشنتن بەڕێوەبچێت، وتی سەرۆک ترامپ "کاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ قسەی زیاتر دەکات."
ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان لەم بابەتە بڵاویکردبووە ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵێک نێوەندگیری ناوچەیی هەوڵی ئاگربەستی 45 ڕۆژە دەدەن کە ڕەنگە ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی هەمیشەیی شەڕەکە.
چوار سەرچاوەی ئەمەریکایی و ئیسرائیلی و ناوچەیی بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندبوو دانوستانەکان لە ڕێگەی پاکستان، میسر و تورکیاوە ئەنجام دەدرێن بۆ ئەو ڕێککەوتنە کە بریتییە لە ئاگربەستی دەستبەجێ و دواتر ڕێککەوتنێکی گشتگیر.