سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند فڕۆکەوانی دووەمی ئەو فڕۆکەیەی لە ڕۆژی هەینییەوە کەوتە خوارەوە و لە ناو خاکی ئێراندا مابووەوە، ڕزگارکرا.
دۆناڵد ترامپ لە ڕێگەی پێگەکەی لە تروث سۆشیال بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی،"دۆزیمانەوە! ئەی هاووڵاتیانی ئەمەریکا، لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوو. لەشکری ئەمەریکا یەکێک لە بوێرترین ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگاکردنی لە مێژووی ئەمەریکادا ئەنجام دا، بۆ ڕزگاکردنی یەکێک لە ئەفسەرە بە تواناکانی ئەویش ئەفەسەرێکی کۆلۆنێلە (سەرهەنگ/عەقید) کە ڕێزێکی گەورەی لێدەگیرێت، بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم ئەو ئێستا باش و سەلامەتە! ئەم شەڕکەرە ئازایە لە هێڵی پشتەوەی دوژمن بوو لە ناو چیا سەختەکانی ئێراندا، دوژمنەکانمان بە دوایدا دەگەڕان و سات لە دوای سات لێی نزیک دەبوونەوە، بەڵام ئەو هەرگیز بە تەنیا نەبوو، چونکە فەرماندەی باڵا و وەزیری جەنگ و سەرۆکی ستوونە هاوبەشەکانی لەشکر و هاوڕێ جەنگاوەرەکانی بە بەردەوامی چاودێری شوێنەکەیان دەکرد و بە ڕژدی پلانیان دادەنا بۆ ڕزگارکردنی. لەسەر ڕاسپاردەی بەندە، لەشکری ئەمەریکا دەیان فڕۆکەی نارد بە کوشندەترین چەک لە جیهاندا بۆ گەڕاندنەوەی ئەم قارەمانە کە برینداربووە، بەڵام چاکدەبێتەوە. ئەم ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگاکردنە موعجیزەئامێزە دەچێتە پاڵ ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنە سەرکەوتووەکەی دوێنی ئەنجام درا بۆ ڕزگاکردنی فڕۆکەوانە ئازاکەی دیکە، بەڵام لە کاتی خۆیدا پشتڕاستمان نەکردەوە بە مەبەستی دورخستنەوەی مەترسی لەسەر ئۆپەراسیۆنی ڕزگاکردنی فڕۆکەوانی دووەم. ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی لەشکردا دوو فڕۆکەوانی ئەمەریکایی هەر یەکەیان بە جیا لە قوڵایی خاکی دوژمن ڕزگاربکرێن. هەرگیز دەستبەرداری هیچ سەربازێکی ئەمەریکا نابین! سەرکەوتنمان لە جێبەجێکردنی هەردوو ئۆپەراسیۆنەکە بەبێ ئەوەی تاکە ئەمەریکاییەک بکوژرێت یان برینداربێت، جارێکی دیکە باڵادەستی ئێمە بەسەر ئاسمانی ئێراندا دەسەلمێنێت. ئەمە ساتێکە دەبێت هەموو ئەمەریکاییەکان شانازی پێوە بکەن بە کۆماری و دیموکرات و هەموو کەسێکی دیکەوە و دەبێت هەمووان لە دەوری یەکبگرن. بە ڕاستی باشترین و شارەزاترین لەشکرمان لە مێژووی جیهاندا هەیە. خودا ئەمەریکا بپارێزێت، خودا هێزەکانمان بپارێزێت، جەژنی گەورە لە هەمووان پیرۆزبێت!"
لە ڕۆژی هەینییەوە ئەو فڕۆکەیەی ئەمەریکا کە لە جۆری F-15E بوو لە باشوری ڕۆژئاوای ئێران کەوتە خوارەوە و هەردوو فڕۆکەوانەکە توانیان بە پەڕەشووت بە سەلامەتی بگەنە سەر زەوی. پاشان هێزەکانی ئەمەریکا لە ماوەیەکی کورتدا توانیان یەک لە فڕۆکەوانەکان ڕزگاربکەن، بەڵام فڕۆکەوانی دووەم لە شوێنێکی سەخت و هەستیاردا نیشتبووەوە، بۆیە ماوەیەکی ویست هەتا ڕزگارکرا. لەشکری ئەمەریکا لە کاتی خۆی بە فەرمی هیچ وردەکارییەکی لە بارەی کەوتنی فڕۆکەکە ئاشکرا نەکرد لە پێناو پاراستنی ژیانی فڕۆکەوانەکەی دیکە. پێشتر میدیاکانی ئێران کەوتبوونە پرۆپاگەندەی گوایە ئەمەریکا دەیەوێت فڕۆکەوانەکەی بکوژێت هەتا نەکەوێتە دەستی هێزەکانی ئێران.