سیناتۆر لینزی گراهم دەڵێت پشتیوانی لەو هۆشدارییە دەکات کە سەرۆک ترامپ داویەتی بە ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.
سیناتۆر گراهام پاش گفتوگۆیەکی لەگەڵ سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان چاوەڕێی ئێران دەکات ئەگەر بە بژاردەیەکی خراپ هەڵبژێرێت. ئەم ڕژێمە لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانییەوە بە خراپی پەکی کەوتووە. حوکمڕانی تیرۆری ئەوان دژ بە ناوچەکە و جیهان پێویستە کۆتایی پێبێت، هیوادارین لە ڕێگەی ڕێککەوتنی ئاشتییەوە بێت."
ئەو سیناتۆرە کۆمارییەی نوێنەری کارۆلاینای باشوور، دەڵێت پاش گفتوگۆکەی سەلەبەیانی ڕۆژی شەممە لەگەڵ سەرۆک ترامپ " بە تەواوەتی بڕوام وایە ئەگەر بەردەوام بن لە داخستنی تەنگەی هورمز چارەسەری دیپلۆماسی بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەربازییەکانمان ڕەتبکەنەوە، ئەوا ئەو (سەرۆک ترامپ) هێزێکی سەربازی گەورە دژی ڕژێم بەکاردەهێنێت."
دەشڵێت "ئەگەر تا ئێستا بۆ ئێران و ئەوانی تر ڕوون نەبووەتەوە کە سەرۆک ترامپ ئەوەی دەیڵێت جێبەجێی دەکات، ئەوا نازانم کەی لەوە تێدەگەن. ژیرانە بڕیارەکان بدەن."
پێشتر هەر ڕۆژی شەممە سەرۆک دانۆڵد ترامپ هۆشدارییەکی نوێی ئاراستەی ڕژێمی ئێران کرد و ڕایگەیاند، پێویستە ئێران ڕێککەوتنێک بکات، یان تەنگەی هورمز بکاتەوە.
سەرۆک ترامپ لەسەر پلاتفۆرمی تروث سۆشیاڵ ڕایگەیاند "لەبیرتانە کاتێک 10 ڕۆژم بە ئێران دا بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بکات یان تەنگەی هورمز بکاتەوە."
گوتی "کات بەدەستەوە نامێنێت، 48 کاتژمێر ماوە تا دۆزەخیان نیشان بدەین."
سەرۆک ترامپ لە 26ی مانگی سێ ڕایگەیاند کە تا 6ی مانگی 4 مۆڵەت دەدات بە ڕژێمی ئێران بۆ ئەوەی خۆی لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی ئێران لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە بپارێزێت.