لە 34هەمین ڕۆژی ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران لە ڕۆژی پێنجشەممە 2ی مانگی چوار کرانە ئامانج.
لە یەکێک لەو هێرشانەدا، پردی نیوە دروستکراوی "بی 1" لە عەزیمیەی کەرەج کە بڕیار بوو ڕێگای چالوس بە ڕێگای خێرای تاران – باکوورەوە ببەستێتەوە، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە دوو جار کرایە ئامانج.
چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترۆث، ڤیدیۆیەکی تەقینەوەی پردەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی "گەورەترین پرد لە ئێراندا ڕووخا و جارێکی دیکە هەرگیز بەکارناهێنرێت و هی دیکەش بەڕێوەیە."
ترامپ نووسیوێتی "کاتی ئەوە هاتووە ئێران بگاتە ڕێککەوتن پێش ئەوەی درەنگ بێت و هیچ شتێک لە وڵاتەکە بۆی نەمێنێتەوە."
دوابەدوای ئەم هێرشە، کۆماری ئیسلامی ناوی "پردە گرنگەکانی ناوچەکە"ی ڕاگەیاند، لەوانە پردی شێخ جابر ئەلئەحمەد ئەلسەباح، پردی مەلیک فەهد لە نێوان عەرەبستان و بەحرەین و پردی شێخ زاید لە ئەبوزەبی و ئەم ژێرخانانەی بە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی خۆی بۆ تۆڵەسەندنەوە ناوبرد.
هەروەها هەواڵەکان باس لەوە دەکەن لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران، لەوانە لە تاران، چابەهار، پردیس، بەندەر عەباس و چەند شارێکی پارێزگای مازەندەران دەنگی تەقینە بیستراوە و هێرشەکان بەردەوامن.
میدیا حکومەتییەکانی ئێران دەڵێن تەقینەوە و بۆردومان لە شاری کرماشان و مەشهەد و یەزد و شیراز بەردەوامە.
سنوردارکردنی توندی هەواڵەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە و داخستنی تەواوەتی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت، وای کردووە کە میدیا سەربەخۆکان بە ئاستەم بتوانن هەواڵەکان وەک خۆیان ڕابگەیەن.