Accessibility links

ئێران و بریکارەکانی وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل دەکەنە ئامانج

وڵاتانی کەنداو ڕایدەگەیەنن ئەمڕۆ چوارشەممە،1ی مانگی چوار ، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانی بوونەتەوە.

لە کوەیت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران ئاگرێکی گەورەیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەو وڵاتە بەردا و لە لایەکی ترەوە بە هۆی پارچەی موشەکی بەرگریەوە لە میرنشینە یەکگرتووەکان عەرەبی پیاوێک کوژراوە و هەروەها مووشەکێکی کروز لە نەوتهەڵگرێکی داوە لەناو ئاوەکانی قەتەردا.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەوانی شارستانی کوەیت ڕایگەیاندوە، ئێران و گرووپەکانی کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردۆتە سەر تەنکەریکی عەمبارکردنی ووزە کەسەر بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوەیت بووە و گڕیان تێبەرداوە .

عەبدوڵڵا ئەلڕەجی وتەبێژی ئاژانسی هەواڵی کوەیت لە زاری ئاژانسی فەرمیی کوەیتەوە، ئەو کارەی بە هێرشێکی "بێشەرمانە" ناو بردووە.دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە ڕایانگەیاند هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

وەزارەتی بەرگری قەتەر ڕایگەیاند، ئێران سێ مووشەکی کروزی ئاراستەی وڵاتەکەی کردووە. هێزە چەکدارەکانی دووانیان پووچەڵکردۆتەوە، لە کاتێکدا سێهەمیان کێشاویەتی بە کەشتییەکی نەوتهەڵگری سووتەمەنی کە بۆ کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی سەربەدەوڵەت کاری کردووە، ئەمەش لە ناوچەی باکووری ئاوەکانی قەتەر کە نزیکەی 17 میل دەریایی لە باکووری ڕاس لەفانەوە دوورە.

کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی پشتڕاستی کردووەتەوە هیچ کام لەو 21 کارمەندەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە بریندار نەبوون، هەروەها هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ژینگە نەبووە.

لە ئیمارات، ئاژانسی هەواڵی فەرمیWAM ڕایگەیاندووە، پارچەکانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تێکشکاو کە کەوتووەتە نێو کێڵگەیەک لە ناوچەی ئەلریفا لە شاری فوجەڕە و بەهۆیەوە هاووڵاتییەکی بەنگلادیشی کوژراوە.

هێزەکانی بەرگری ئاسمانی ئیمارات ڕۆژی چوارشەممە ڕووبەڕووی پێنج مووشەکی بالیستیک و 35 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوونەوە .بەمەش کۆی گشتی ڕێگریکردن لە هیرشەکان لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکەوە گەشتە 438 مووشەکی بالیستیکی و 19 مووشەکی کروز و زیاتر لە 2000 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین ڕایگەیاند، تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرێکن لە کۆمپانیایەکی نەزانراو و کە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە گڕی تێبەربووە.

هێزەکانی بەرگریی بەحرەین ڕایانگەیاند کە لە ماوەی 24 کاتژمێری پێشوودا ڕێگریان کردوە لە چوار مووشەک و 19 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

وەزارەتی بەرگری سعودیە ڕایگەیاندووە هێزەکانیان ڕێگرییان لە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کردووە و لەناویان بردووە و هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

لەلایەکی دیکەوە، گرووپی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئەمەریکاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی دەستنیشان کراوە، ڕۆژی چوارشەممە هێرشێکی نوێی مووشەکییان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاند. گروپەکە ڕایگەیاندووە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و حزبوڵای لوبنان هێرشەکەیان ئەنجامداوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG