Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت سەرۆکی ڕژێمی نوێی ئێران داوای ئاگربەستی کردووە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند حکومەتی ئێران داوای ئاگربەستی کردووە و وتی تەنیا دوای کردنەوەی تەنگەی هورمز ئەو داواکارییە لەبەرچاو دەگیرێت.

سەرۆک ترامپ بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 1ی مانگی چوار، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تروث بڵاویکردەوە "سەرۆکی ڕژێمی نوێی ئێران کە زۆر کەمتر توندترە و زۆر زیرەکترە لە ڕێبەرانی پێش خۆی، داوای ئاگربەستی لە ئەمەریکا کردووە."

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە "کاتێک تەنگەی هورمز کراوە و ئازاد و پارێزراو بێت، ئەم داواکارییە لەبەرچاو دەگرین."

لە هەمان کاتدا هۆشداری دا "تا ئەو کاتە ئێمە ئێران لەناو دەبەین، یان وەک دەوترێت دەیگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی بەردین!!!."

سەرۆک ترامپ هەروەها ڕۆژی سێشەممە لە وتووێژێکدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی وتی "سەرەتا ڕژیمێکمان لە ناو برد، پاشان ڕژیمی دووهەم، ئێستا گرووپێکمان هەیە کە زۆر جیاواز و عەقڵانیترە و پێموایە زۆر کەمتر ڕادیکاڵ بوون. گۆڕانی ڕژێممان هەبووە و کەسانی عەقڵانیترمان هەبووە، ئەوەی کردوومانە بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە."

سەرۆک ترامپ وتی "گۆڕانکاری ڕژێممان هەبووە، بەڵام ئامانجی سەرەکیمان گۆڕینی ڕژێم نەبووە؛ ئامانجمان ئەوە بوو کە [کۆماری ئیسلامی] ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت، ئەو ئامانجەش هاتەدی. ئێستاش خەریکین کارەکان تەواو دەکەین."

سەرۆک ترامپ هەروەها وتی ئەمەریکا بە چڕی کاری کردووە و زۆرێک لە لایەنە ڕادیکاڵ و توندڕەوەکانی بەدرێژایی تەنگەی هورمز لەناوبردووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG