Accessibility links

شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرش و تەقینەوەکان لە چەندین شاری ئێران بەردەوامە

بەگوێرەی هەواڵەکان ڕۆژی دووشەممە، شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ژێرخانە سەربازیی و ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە ئەنجام دراوە. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە بە ڕێنوێنی وردی دەزگای زانیاری، شەوی ڕابردوو شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشیان ئەنجامداوە دژی بنکە و ژێرخانەکانی "ڕژێمی تیرۆریستی ئێران" لە سەرانسەری تاران.

هاوکات لە شاری سنە، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەیانی، بنکەیەکی پۆلیس کرایە ئامانج. لە هەمان کاتدا لە شاری دێگوڵانی پارێزگای کوردستان لە دەوروبەری هەمان کاتدا ناوەندێکی بەسیج کرایە ئامانج.

لە زەنجان، خانوویەک کراوەتە ئامانج، کە بە وتەی جێگری سیاسی پاڕێزگاکە، 3 کوژراو و 7 برینداری لێکەوتەوە.

لە شاری قوم-یش لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز ڕاگەیەندرا و بەهۆیەوە خانوو و پەنجەرەکان بە توندی لەرزین. سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لەوە کردووە کە بەلایەنی کەمەوە گوێیان لە 9 تەقینەوە بووە.

لە تاران، ناوچەی پاسداران لە دەوروبەری کاتژمێر شەشی بەیانی پچڕانی کارەبای بەخۆیەوە بینی. هەروەها لە نزیک ئێکباتان و دەوروبەری مێهرئاباد لە نزیک کاتژمێر هەشتی بەیانی تەقینەوەیەکی قورس ڕاگەیەندراوە.

لە ئابادان، هێرشەکان کاتژمێر حەوتی بەیانی دەستیپێکرد، خاڵێکی نزیک وێستگەی پترۆکیمیایی لانیکەم 11 جار کراوەتە ئامانج.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل لە سەر تۆڕی ئێکس هەندێک لەو شوێنانەی هێرشیان کراوەتە سەر بریتین بوون لە شوێنێک کە بۆ دروستکردنی مووشەکەکانی بەرگری ئاسمانی دوورمەودا بەکار هێنراوە. سوپای ئێسرائیل دەڵێت ئەم مووشەکانە مەترسییەکی گەورە بوون بۆ ئازادیی سووڕانەوەی فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی بە سەر ئێراندا.

هەروەها بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی ئیسرائیل کۆمەڵێکی پیشەسازی بۆ بەرهەمهێنان، توێژینەوە و پەرەپێدانی بزوێنەری مووشەکی بالیستیک کراوەتە ئامانج.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سووپای ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی بۆ سەر کارگەکانی بەرهەمهێنانی ڕژێم لە تاران توندتر کردووەتەوە و نزیکەی 40 شوێنی پیشەسازی بەرهەمهێنان، توێژینەوە و پەرەپێدانی چەکی لە هێرشێکی بەرفراوان کردووەتە ئامانج.

ئەم هێرشانە بەشێکن لە هەوڵی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ لاوازکردنی توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئێران، بە تایبەتی لە بوارەکانی مووشەکی بالیستیک و بەرگری ئاسمانی.

XS
SM
MD
LG