وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مارکۆ ڕوبیۆ، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، ئەمەریکا دەتوانێت ئامانجەکانی خۆی لە ئێران بەدی بهێنێت بەبێ ئەوەی پێویست بکات هێزی پیادە بەکار بهێنێت. هەروەها پێشبینی کرد کە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا دژی ڕژێمی ئێران لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کۆتایی بێت.
قسەکانی ڕوبیۆ لە کاتێکدایە لە فەرەنسا لەگەڵ وڵاتانی گرووپی حەوت لەسەر دۆسیەی ئێران گفتوگۆی کرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی، ئەمەریکا ئامانجەکانی خۆی لە شەڕی دژی ئێران بەدی دەهێنێت. گوتیشی ئامانجەکانی ئەمەریکا لەناوبردنی تواناکانی مووشەک و درۆنی ئێرانە، لەگەڵ وێرانکردنی کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئەم چەکانە، هەروەها هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانیش.
ڕوبیۆ ڕوونی کردەوە کە چاوەڕوان دەکات ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا لە ماوەی چەند "هەفتەیەک"دا کۆتایی بێت.
گوتیشی "ئێمە دەتوانین زۆربەی ئەم ئامانجانەمان پێش کاتی دیاریکراو و بەبێ بەکارهێنانی هیچ هێزێکی پیادە بەدی بهێنین"،.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ناردنی هەزاران سەربازی ئەمەریکایی بۆ ناوچەکە بە مەبەستی ئەوەیە کە بژاردەی زیاتر بدات بە سەرۆک دۆناڵد ترامپ بۆ وەڵامدانەوەی ڕوودانی هەر دۆخێکی نائاسایی."
روبیۆ گوتی"سەبارەت بەوەی بۆچی هێزی زیاتر نێردراوە، گوتی بەر لە هەموو شتێک، سەرۆک دەبێت بۆ چەند دۆخێکی نائاسایی ئامادە بێت...ئێمە هەمیشە ئامادە دەبین کە زۆرترین دەرفەت بدەین بە سەرۆک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە نائاساییەکان، ئەگەر ڕووبەڕوومان ببنەوە".