ڕۆژی شەممە یەکێکە لە گرانبەهاترین پێشبڕکێی ئەسپسواری دوبەی، دەبێتە یەکەم ڕووداوی گەورەی وەرزشی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا، لەپاش ئەوەی نزیکەی مانگێک لەمەوبەر شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریهەڵدا.
ئەم پیشبڕکێ 30.5 ملیۆن دۆلاریە لە یاریگای میدان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای ئەوەی چەندین ڕووداوی وەرزشی لەناوچەکە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕژێمی ئێران دواخران یان هەڵوەشانەوە، لە کاتێکدا ئێرانیش وڵاتانی ناوچەکەی کردووەتە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشکەکانی.
لەسەرەتای ئەم مانگەدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی کەوتە بەر هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی گەشتە ئاسمانییەکان ڕابگیرێن، خشتەکانیان بگۆڕدرێت یاخوود ڕێگاکانی ئاسمانی بگۆڕن.
ڕێکخەرانی پێشبڕکیەکە دەڵێن بڕیارە زیاتر لە 100 ئەسپ لە میانەی 9 پێشبڕکێدا بەشداری بکەن و لەکۆتایدا براوەی خەڵاتی یەکەم بڕی 12 ملیۆن دۆلاری پێدەبەخشرێت.
جێی ئاماژەیە بگوترێت یانەی پێشبڕکێی دوبەی ڕۆژی شەممە یادی 30 ساڵەی دەکاتەوە، بۆیەکەمجار لە ساڵی 1996 کرا وە لەو کاتەوە ساڵانە لە کۆتا شەممەی مانگی ئازاردا بەڕێوەدەچێت، جگە لە ساڵی 2020کە بەهۆی پەتای کۆڤید-19 وە بە ناچاری هەڵوەشایەوە.