Accessibility links

ترامپ: هێرش بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران لەسەر داوای تاران 10 ڕۆژ دوا دەکەوێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند جارێکی دیکە هێرش بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران دوادەخەن، ئەمجارەیان 10 ڕۆژ و ئەمەش لەسەر "داواکاری حکومەتی ئێران".

سەرۆک ترامپ ئێوارەی پێنجشەممە لە هەژماری خۆی لە تروث نووسیویەتی "لە سەر داوای حکوومەتی ئێران، ئەم لێدوانە وەک ڕاگەیاندنێک چاو لێبکەن بۆ ڕاگرتنی لەناوبردنی وێستگەکانی کارەبا بۆماوەی 10 ڕۆژ تا ڕۆژی دووشەممە 6ی مانگی چواری ساڵی 2026، کاتژمێر 8:00ی پاش نیوەڕۆ بە کاتی واشنتن.

سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەدا نووسیوێتی "دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن و سەرەڕای لێدوانی ناڕاست و ئەو شتانەی لەلایەن میدیای ساختە و ئەوانی دیکەوە باس دەکرێت، زۆر باش دەڕوات."

دۆناڵد ترامپ کە ڕۆژی یەکشەممە هەڕەشەی کردبوو ئەمەریکا وێستگەکانی کارەبای ئێران لەناودەبات ئەگەر تاران لە ماوەی 48 کاتژمێردا تەنگەی هورمز "بە تەواوی و بەبێ هەڕەشە" نەکاتەوە، چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئەم وادەیەی بۆ پێنج ڕۆژ درێژکردبووە.

سەرۆک ترامپ چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند دانوستان لەگەڵ ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ بەردەوامە، هەرچەندە تاران ئەو وتووێژانەی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە ڕێگەی نێوەندگرەوە پەیام ئاڵوگۆڕ کراوە.

ئەمڕۆش ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترامپ، پشتڕاستی کردەوە کە ئەمەریکا لە ڕێگەی پاکستانەوە پلانێکی 15 خاڵی پێشکەش بە ئێران کردووە.

XS
SM
MD
LG