Accessibility links

هاووڵاتییەکی ئەمەریکا دوای بەندکردنی لە ئەفغانستان بۆ پتر لە ساڵێک گەڕایەوە وڵات

کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە پێشوازی کرد لە گەڕانەوەی هاوڵاتییەکی ئەمەریکایی بۆ خاکی وڵات، دوای ئەوەی ڕێکخراوی تاڵیبان بۆماوەی زیاتر لە ساڵیک لە ئەفغانستان دەستبەسەری کردبوو.


دێنیس کۆیل توێژەرێکی تەمەن 64 ساڵی ئەمەریکایە کە لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیرکرا و دوێنێ سێشەممە ئازاد کرا. کۆیل گەیشتە بنکەیەکی سەربازی لە ویلایەتی تەکساس و لەوێ لەلایەن ئەندامانی خێزانەکەیەوە پێشوازی لێکرا.

کەسوکاری دێنیس کۆیل ئەو تۆمەتەی تاڵیبان ڕەتدەکەنەوە کە گوایە کاری هەواڵگری ئەنجام داوە.

ئازادکردنی کۆیل پاش ئەوە دێت کە دوو هەفتە لەمەوبەر ئەمەریکا ئەفغانستانی وەک 'وڵاتی سپۆنسەری دەستبەسەرکردنی ناڕەوا' دەستنیشان کرد.

مۆلی لۆنگ، خوشکی کۆیل، گوتی ئەمڕۆ "ڕۆژێکی خۆشە،" وە سوپاسی سەرۆک دۆناڵد ترامپ و بەرپرسانی دیکەی کرد کە هەوڵی ئازادکردنی کۆیلیان داوە.

لۆنگ ڕایگەیاند، "زۆر کەس نزایان بۆ خێزانەکەمان کردوە و پشتیوانییان کردووین، لە ناخی دڵەوە سوپاسی هەمووان دەکەین بۆ ئەم ڕۆژە."


مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئازادکردنی کۆیل هەنگاوێکی ئەرێنییە لەلایەن تاڵیبانەوە. لە هەمان کاتدا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کرد بۆ مەحمود حەبیبی و پۆڵ ئۆڤەربی و هەموو ئەمەریکاییەکانی تر کە "بە ناڕەوا" دەستگیرکراون.


مەحمود حەبیبی لە ساڵی 2022 لە نزیک کابول لەگەڵ 29 کارمەندی ئەو کۆمپانیایەی کاری لەگەڵ دەکرد دەستبەسەرکرا. پاشان تەواوی کارمەندەکان ئازاد کران جگە لەو هاوڵاتییە ئەمەریکاییە.


پۆڵ ئۆڤەربی لە ساڵی 2014 لە پارێزگای خوست لە ئەفغانستان لە کاتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بۆ کتێبێک بێسەروشوێن کراوە و هەتا ئێستا نەگەڕێندراوەتەوە بۆ ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG