Accessibility links

ڕاپۆرتە هەواڵییەکان: ئەمەریکا پلانێکی 15 خاڵی داوە بە ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند ئەمەریکا پلانێکی 15خاڵیی پێشکەش بە ئێران کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی کە هەتا ئێستا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە، دوو سەرچاوە بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە، ئەمەریکا داوای داخستنی دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی کردووە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز جەختی لەوە کردووەتەوە کە خۆی پلانەکەی نەبینیوە، بەڵام ئەو بەرپرسانەی کە بە مەرجێک ناویان نەهێنرێت قسەیان بۆ دەزگاکە کردووە، چوارچێوەی گشتی پلانەکەیان بینیوە و ڕایانگەیاندووە ئەو پلانە باس لە بەرنامەکانی مووشەکی بالیستیکی و ئەتۆمی ئێران دەکات.

هەروەها یەکێک لەو بەرپرسانە بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە لە پلانەکەدا باس لە ڕێڕەوە دەریاییەکانیش کراوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی ڕوون نییە تا چ ڕادەیەک ئەو پلانە کە لە ڕێگەی پاکستانەوە ڕادەستی ئێران کراوە،ئایا پێدەچێت ئێران وەک بنەمایەک بۆ دانوستان قبوڵی بکات یان نا. هەروەها ڕوون نییە کە ئایا ئیسرائیل کە هاوشانی ئەمەریکا دژی ڕژێمی ئێران شەڕ دەکات، بەو پێشنیازە ڕازی دەبێت یان نا.

هەروەها دوو سەرچاوە بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە ڕەنگە ئێران نەتوانێت بە خێرایی وەڵامی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا بداتەوە، چونکە بەرپرسانی باڵای ئێران کێشەیان هەیە لە پەیوەندیکردن لە ناوخۆدا و نیگەرانن لەوەی ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کۆببنەوە، ئیسرائیل بیانکاتە ئامانج.

تەلەفزیۆنی کەناڵی 12ی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاندووە نامەکەی ئەمەریکا داوای کۆتاییهێنان بە پشتیوانییەکانی ئێران لە گروپە چەکدارەکان و دروستکردنی "ناوچەیەکی ئازادی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز" دەکات.

ئەو پلانە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، داوای کۆتاییهێنان بە هەموو پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران و گواستنەوەی ماددە پیتێنراوەکان دەکات، کە ئیسرائیل و ئەمەریکا دەڵێن دەکرێت بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت.

هەروەها باس لەوەش دەکات کە ئێران دەبێت ڕێگە بدات بە کەشتییەکان بەبێ بەربەست بەناو گەرووی هورمزدا تێپەڕن و لە بەرامبەردا هەموو سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن.

لە بڕگەیەکی دیکەدا هاتووە کە ئێران هاوکارییەکانیش بۆ پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی مەدەنی لە بوشەهر وەردەگرێت، کە شوێنێکی سەرەکییە کە تاران ڕۆژی سێشەممە ئیسرائیلی بە هێرشکردنە سەر ئەو دامەزراوەیە تۆمەتبار کرد.

هەروەها لە پلانەکەدا داوای ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکات بۆ ماوەی مانگێک.

کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تا ئێستا وەڵامی ئەو هەواڵانەیان نەداوەتەوە.

هاوکات کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە ڕایگەیاندووە جەرێد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف دوو کەسی سەرەکین لەم بابەتە و پێشنیاری ئەم پلانەیان کردووە.

کەناڵی 12ی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ڕۆژئاوایی، لە کۆی ئەو 15 خاڵەی ئەمەریکا بە ئێرانی گەیاندووە، 14 خاڵی خستۆتە ڕوو کە بریتین لە

1- ئێران دەبێت توانا ئەتۆمییەکانی ئێستای هەڵبوەشێنێتەوە.

2- ئێران دەبێت پابەند بێت بەوەی هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەگەڕێت.

3- پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران نابێت.

4- ئێران دەبێت بەپێی خشتەیەکی کاتی و لە ئایندەیەکی نزیکدا یۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی کە نزیکەی 450 کیلۆگرامە و لەسەدا 60ە، ڕادەستی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بکات.

5- پێویستە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و ئەسفەهان و فۆردۆ هەڵبوەشێنرێنەوە.

6- ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، دەزگای چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت دەستڕاگەیشتن و چاودێری تەواوی لە ناوخۆی ئێراندا هەبێت.

7- ئێران دەبێت دەستبەرداری هێزە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکەدا بێت.

8- ئێران دەبێت واز لە پارەدارکردن و ئاڕاستەکردن و پڕچەککردنی هێزە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکەدا بهێنێت.

9- پێویستە تەنگەی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە و وەک ڕێڕەوێکی ئازادی دەریایی کار بکات.

10- بەرنامەی مووشەکی ئێران دەبێت لە مەودا و ژمارەدا سنووردار بێت، لەگەڵ ئاستەنگە تایبەتەکان کە لە قۆناغێکی دواتردا دیاری دەکرێن.

11- هەر جۆرە بەکارهێنانێکی مووشەک لە داهاتوودا تەنها بۆ بەرگریکردن لە خۆ بەکار بێت.

لەبەرامبەردا ئێرانیش لەم خاڵانە بەهرەمەند دەبێت:

12. سزاکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران لادەدرێت.

13. ئەمەریکا هاوکاری ئێران دەکات لە پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمییە مەدەنییەکەی، لەوانەش بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر

14- لابردنی میکانیزمی گەڕانەوەی ئۆتۆماتیکی سزاکانی سەر ئێران

XS
SM
MD
LG