دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە 23ی مانگی سێ لە کۆبوونەوەی گرووپی ئاسایشی مەمفیس سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا دژی کۆماری ئیسلامی وتی "هێزی ئاگرینی بێ وێنە و زۆر بەهێزی ئێمە توانیویەتی بەشێکی زۆری توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی ئێران لەناوببات."
سەرۆک ترامپ بە ئاماژە بە مووشەکە بالستیکەکان و بەرنامەی ئەتۆمی و توانا سەربازییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی گوتی "سەکۆکانی مووشەک هاوێژی ئێران بە هێزێک کە کەس بیری لێ نەدەکردەوە لەناو بران. ئێستا نزیکەی 90 لەسەدی ئەوانە لەناوچوون."
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی بنکەکانی بەرگری و پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران کراونەتە ئامانج و لەناوچوون و تیشی "نزیکەی 157 کەشتیمان لەناو بردن و هێزی دەریایی و ئاسمانییان بە تەواوی لەناوچووە."
ترامپ سەبارەت بە سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش گوتی پێکهاتەی سەرکردایەتییان بە توندی لاواز بووە. سەرۆک ترامپ وتی "ئێمە ڕیزی یەکەمی سەرکردەکانیانمان لەناوبرد. دواتر گرووپی دووەم - 88 کەس بوون، کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرکردەیەکی نوێ، ئێستا ئەوانیش نەماون. دواتر جارێکی دیکە کۆبوونەوە، بەڵام ئێستا کەس نایەوێت ببێتە سەرکردە. ئەمە یەکێکە لەو دەگمەن کارە سیاسیانەی جیهان کە کەس نایەوێت بیکات. کارێکی زۆر مەترسیدارە. کاری منیش مەترسیدارە، بەڵام کارەکەی ئەوان مەترسیدارترە."
ترامپ کە لە مەمفیس قسەی ئەکرد جەختی لەوە کردەوە کە بەم کردەوانە، "توانای ئێران بۆ مەترسی ساز کردن بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو لەناوچووە."
سەرۆک ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا "بە شێوەیەکی سیستماتیک" توانای ڕژێمی ئێرانی بۆ هەڕەشەکردن لە ئەمەریکا لەناوبردووە و وتی "چیتر هەڕەشەمان لێناکەن. وەک سەرۆکی وڵاتەکە بەرپرسیارێتی پیرۆزی منە کە وڵاتەکەمان لە هەموو هەڕەشەکان بپارێزم."
سەرۆک ترامپ: هێزی ئاگرینی بێوێنەی ئەمەریکا بەشێکی زۆری توانا سەربازییەکانی ڕژێمی ئێرانی لەناوبردووە