Accessibility links

بڕیاری سەرۆک ترامپ بۆ دواخستنی هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی ئێران کاریگەری ئەرێنی دەخاتە سەر بازاڕ

بەگوێرەی راپۆرتە جیاوازەکان، بڕیاری دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دواخستنی هەر هێرشێکی سەربازی دژی دامەزراوەکانی کارەبای ئێران بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ، کاریگەری ئەرێنی دەخاتە سەر بازاڕەکانی وزە و دارایی جیهان.

ئەم بڕیارە لە کاتژمێرەکانی پێش کۆتاییهاتنی مۆلەتی دیاریکراوی سەرۆک ترامپ بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی وزەی ئێران دێت. دوای ئەوەی ئەم بڕیارە مەترسی بەرزبوونەوەی ململانێکەی کەم کردەوە، بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخی بۆندەکان لەبازاڕەکانی جیهان.

بە گوێرەی رۆیتەرز، رۆژی دووشەممە، دوای پۆستەکەی سەرۆک ترامپ لەمەڕ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی پێنج رۆژ، نرخی نەوت بە زیاتر لە 13٪ دابەزی.

ئەم دابەزینەی نرخی نەوت یەکێکە لە گەورەترین کاریگەریە ئەرێنییەکانی بڕیارەکەی ترامپ. لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی لە هەفتەی چوارەمدایە، ئەم دواخستنە مەترسیی چڕکردنەوەی قەیرانەکەی کەم کردەوە. دابەزینی نرخی نەوت بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەری لەسەر ئابووری جیهانی دەبێت، خەرجییەکانی وزە بۆ وڵاتانی هاوردەکار کەم دەکاتەوە و رێژەی هەڵاوسان لە ئاستی جیهانیدا دادەبەزێنێت.

ئەم راپۆرتانە هەروەها باس لەوە دەکەن دوای فەرمانی ترامپ بۆ دواخستنی هێرشەکان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ و ڕاگەیاندنی گفتوگۆی بەرهەمدار لە نێوان ئەمەریکا و ئێران نرخی بۆندەکانی حکوومەتی بەریتانیا بە خێرایی بەرزبووەوە. پێش پۆستی ترامپ لە سۆشیال میدیا، نرخی سوود بۆ قەرزی 10 ساڵە لە بەریتانیا گەیشتبووە بەرزترین ئاستی خۆی لەوەتای مانگی جولای 2008ەوە کە ئەمە بووە هۆی ئەوەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کێیەر ستارمێر، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ وەزیرانی باڵا و پارێزەری بانکی ئینگلتەرا بەڕێوە ببات، ئەمەش بۆ باسکردنی چۆنییەتی وەڵامدانەوە بۆ بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی وزە. بەڵام کەمتر لە نیو کاتژمێر دوای گەیشتن بەو بەرزییە، بە هۆی پەیامەکەی سەرۆک ترامپەوە نرخی بۆندەکە دابەزی بۆ 4.895٪.

هاوکات راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن بازاڕەکانی دارایی جیهان، دوای بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ دواخستنی هێرشەکانی ئەمەریکا، بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بوون. پشکەکانی ئەمەریکا بە شیوەی بەرچاو بەرزبوونەوەیان بە خۆیانەوە بینی و ئیندێکسە سەرەکییەکان بە نزیکەی 2٪ زیادیان کرد. هەروەها نرخی بۆندی 10ساڵەی خەزێنەی ئەمەریکا بە شێوەیەکی دیار دابەزی و داهاتی ئەو بۆندانە بە شێوەیێکی بەرچاو بەرزبووەوە، کە ئەمەش نیشانەی متمانەی زیاتری وەبەرهێنەرانە بۆ کەمبوونەوەی مەترسییەکانی ململانێکە.

لە ئەوروپاشدا، ئیندێکسی Stoxx 600 پێشتر بە 1.5٪ دابەزیبوو، بەڵام دوای بڕیارەکەی ترامپ بە خێرایی گەڕایەوە و 1٪ بەرزبووەوە. کریپتۆکارەنسییەکانیش وەک بیتکۆین و ئەوانی تر بە نزیکەی 4٪ زیادیان کرد. نرخی زێڕیش کەمێک لە زیانەکانی خۆی کەم کردەوە، هەرچەندە هێشتا بە 3٪ نزمتر بوو لە دووشەممە.

ترامپ لە شەممەدا مۆلەتێکی دانابوو بۆ تاران کە تا ئێوارەی دووشەممە تەنگەی هورمز بکاتەوە بۆ هەموو گواستنەوەکان، و هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر پابەند نەبن، تۆڕی کارەبای ئێران "تەواو لەناو دەبات". بڕیاری دواخستنەکە دوای ئەوە هات کە سەرۆک ترامپ گوتی گفتوگۆی "زۆر باش" و "بەرهەمدار" لە نێوان واشنتن و تاران لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو لە ئارادایە.


XS
SM
MD
LG