بە پێی ڕاپۆرتێکی واشنتن پۆست کە پشتی بە هەندێک سەرچاوەی زانیاری ئەمەریکایی و ئیسرائیلی بەستوە، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دۆخێکدایە کە بریندارە و گۆشەگیر بووە و بەرامبەر پەیامەکانی کە بۆی دەنێردرێن، هیچ وەڵامێک ناداتەوە.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئاسایشی ئەمەریکا و ئیسرائیل، مجتبی خامنەیی تەمەن 56 ساڵ، لە کاتی گرتنی پۆستی ڕێبەرایەتییەوە خۆی شاردۆتەوە و تەنها یەک پەیامی نووسراوی پەیوەندیدار بە ناوی ئەو لە میدیاکانی حکوومەتیدا بڵاوکراوەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆسیش ڕۆژی شەممە ڕایگەیاندووە دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا سی ئای ئەی، موساد و دامەزراوە هەواڵگرییەکانی دیکە لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی شوێنپێی مجتبی خامنەیی.
سەرەڕای ئەم دۆخە، بەرپرسانی ئیسرائیلی باسیان لەوە کردووە کە ئایەتوڵاکان و ئەو بەرپرسانەی سوپای پاسداران کە ماونەتەوە توانیویانە کۆنتڕۆڵی خۆیان بەسەر ولاتدا جێگیر بکەن.
واشنتن پۆست ئاماژە بەوە دەکات کە خۆشبینییە سەرەتاییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە چەند خولەکی یەکەمی هێرشی هاوبەشدا، ئێستا جێگەی خۆی بە هەڵسەنگاندنەوەی وریاتر بەخشیوە سەبارەت بە توانای مانەوەی سیستەم.
سوپای پاسداران ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند "بێ سەبرانە" چاوەڕێی هاتنی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ ئەوەی هێزی خۆیانی پیشانیان بدات.
لە ئێستادا هێزێکی 4500 کەسی لە هێزی دەریایی و مەلەوانە ئەمەریکاییەکان بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتوون. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گۆمانەکان لەسەر ئەگەری کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک دوورگەی ئێران لە لایەن هێزە ئەمەریکاییەکانەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز زیادیان کردووە.
یەکێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی بە واشنتن پۆست وتوووە ناردنی هەزاران سەربازی ئەمەریکایی بۆ ناوچەکە «بۆ ڕازاندنەوە» نییە، بەڵکو نیشانەی پلانێکە بۆ «داگیرکردنی دوورگەی خارگ و تەنگەی هورمز».
بە وتەی قسەکانی ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە، ئەم کردەوەیە دەتوانێت توانانی ئەمەریکا و ئیسرائیل زیاد بکات لە بێبەشکردنی تاران لە داهاتی نەوت و ڕێگەیەکی سیاسی بۆ دۆنالد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا دابین بکات کە پیشانی بدات تەنگەی هورمز کراوەتەوە.
سەنتەری گواستنەوەی نەوتی خارگ بەشی 96 لە سەدی هەناردەی نەوتی ئێران پێکدەهێنێت. لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا، ئێران بە شێوەیەکی کردەوەیی تەنگەی هورمزی داخستووە و هاتوچۆی کەشتییەکانی رووبەڕووی ئاستەنگ کردووەتەوە.
سوپای پاسداران هەروەها لە وەڵامی هۆشداریە 48 کاتژمێریەەی سەرۆک ترەمپ بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، هەڕەشەی کردووە ژێرخانی وزە و ئاوی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.
پێشتر هەندێک میدیا بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاسایشییەکانی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاندبوو سوپای پاسداران دوای کوژرانی علی خامنەیی، بە شێوەیەکی کردەیی دەسەڵاتی خۆی بە سەر وڵاتەکەدا سەپاندووە.