Accessibility links

سکرتێری گشتی ناتۆ پشتیوانی تەواو لە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ڕژێمی ئێران دەکات

سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ناتۆ، مارک ڕۆتە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکا، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ هێرشە سەربازییەکانی سەرۆک دۆناڵد ترامپ دژ بە ڕژێمی ئێران ڕاگەیاند و گوتی ئەم کارە "زۆر گرنگ و پێویست" بوو بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، ئەوروپا و ناوچەکە.

ڕۆتە لە بەرنامەی "فۆکس ئەند فرێندز" دا گوتی هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئێمەدا نییە، "ئەوروپییەکان، کەنەدا، مارک کارنی، ئەمەریکا و سەرۆکی ئەمەریکا هەموومان لە پێناو یەکدا کاردەکەین، چونکە هەموو لایەن لە ئەوروپا پشتیوانی ئەوە دەکەن کە ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی کوژراوە، بەرنامەی ئەتۆمی لەناوچووە، و بەرنامەی مووشەکی بالستیکی ئێرانیش زۆر لاواز کراوە – ئەمەش مەترسییەکی گەورە بوو بۆ ئەوروپا، ئیسرائیل و تەواوی ناوچەکە".

ڕۆتە گوتیشی ناتۆ و 21 وڵاتی هاوپەیمان لەگەڵ ئەمەریکا هاوکارییەکی گەورەیان کردووە بۆ پاراستنی ناوچەی تەنگەی هورمز و ڕێگەوبانە سەرەکییەکانی بازرگانی جیهانی، لە کاتێکدا ئێران هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر شارەکانی ئیسرائیل وەک دیمۆنا و عەراد.

ڕۆتە گوتیشی لە گفتوگۆکانی کەمتر لە هەفتەیەک پێشتر لەگەڵ سەرکردە سەرەکییەکانی ئەوروپا کردوویەتی، پشتیوانی فراوان هەیە بۆ کردارەکانی ترامپ، و وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا هاوکاری لۆجستیکی و بنکە سەربازییەکانیان کردووەتە بەردەستی ئەمەریکا.


XS
SM
MD
LG