Accessibility links

سەرۆک ترامپ بۆ وڵاتانی ناتۆ: ترسنۆکانە، هەڵوێستەکانتان لەبیر ناکەین

دۆناڵد ترامپ هێرشی توندی دەکاتە سەر وڵاتە "ترسنۆکەکانی" ناو هاوپەیمانێتی ناتۆ بە هۆی ئامادەنەبوونیان لە هاوکاریکردنی ئەمەریکا بۆ پاراستنی تەنگەبەری هورمز و دەڵێت، "ترسنۆکانە، ئەمەمان لەبیر دەمێنێت."

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروسدا ڕایگەیاند وڵاتانی ئەندامی ناتۆ "ویستیان نەبوو بەشداری بکەن لە شەڕی ڕێگەگرتن لە ئێرانێکی بەهێز بە ئەتۆم. ئێستا کە شەڕەکە لە ڕووی سەربازییەوە بردراوەتەوە، ئەوان کە مەترسییەکی زۆر کەمیان لەسەرە، گلەیی دەکەن لەو نرخە بەرزەی نەوت کە ناچارکراون بیدەن، بەڵام نایانەوێت هاوکاربن لە کردنەوەی گەرووی هورمز، کە بە هۆی جوڵەیەکی سادەی سەربازییەوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت."

سەرۆک ترامپ گوتی هاوکاری بۆ کردنەوەی تەنگەبەرەکە "زۆر ئاسانە بۆ ئەوان، بە مەترسییەکی زۆر کەمەوە. ترسنۆکانە، ئەمەمان لەبیر دەمێنێت."

دیمەنێکی گەرووی هورمز کە لەلایەن سەتەلایتێکی ناسا گیراوە.
دیمەنێکی گەرووی هورمز کە لەلایەن سەتەلایتێکی ناسا گیراوە.

"بەبێ ئەمەریکا، ناتۆ بریتییە لە پڵنگی کاخەز،" سەرۆک ترامپ ئەو دەستەواژەیەی بەکار هێنا بەو واتایەی ڕێکخراوەکە بەبێ بەشداری ئەمەریکا هێزێکی ڕاستەقینەی ئەوتۆی نییە.

ئەم هێرشە توندەی سەرۆکی ئەمەریکا لەکاتێکدایە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئێرانەوە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چالاکی وزە لە گەرووی هورمز بە ڕادەیەکی زۆر دابەزیوە.

دوێنێ 20 وڵاتی هاوپەیمانی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هاوکاری لە کردنەوەی تەنگەبەرەکە.

بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، ژاپۆن، کەنەدا، کۆریا، نیوزلەند، دانیمارک، لاتیڤیا، سلۆڤانیا، ئیستۆنیا، نۆرویژ، سوید، فینلەند، کۆماری چیک، ڕۆمانیا، بەحرەین و لیتوانیا ڕایانگەیاند "بە توندترین شێوە" ئیدانەی هێرشەکانی ئێران دەکەن بۆ سەر کەشتییەکانی گواستنەوەی وزە و نیگەرانییان دەربڕی لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان.

ئەو وڵاتانە ڕایانگەیاند، "ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین بۆ بەشداریکردن لە هەوڵە گونجاوەکان بۆ دڵنیابوون لە تێپەڕینی سەلامەت بەناو گەرووەکەدا. ئێمە پێشوازی لە پابەندبوونی ئەو گەلانە دەکەین کە سەرقاڵی پلانی ئامادەکارین."

بەڵام حکومەتی ئەمەریکا هەتا ئێستا لە هەڵوێستی وڵاتانی هاوپەیمان ڕازی نییە و ئێرانیش بەردەوامە لەسەر بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی ناوچەکە.

بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت، کە ستانداردی نێودەوڵەتییە، ڕۆژی هەینی نرخەکەی گەیشتە نزیکەی 112 دۆلار، بەڵام پێش هێرشەکە ئەو نرخە تەنها 70 دۆلار بوو.

ئۆپەراسیۆنی 'توڕەیی ئەفسانەیی' ئەمەریکا بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ سەر ڕژێمی ئێران 21 ڕۆژە بەدەوامە.

لە دوایین کردەی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ناوچەکە، ئێران ڕۆژی هەینی هێرشی کردە سەر پاڵاوگەیەکی نەوت لە کوەیت و بەو هۆیەوە بەشێک لە پاڵاوگەکە ئاگری گرت.

وەزیری وزەی کوەیت ڕایگەیاند پاڵاوگەی مینا ئەل ئەحمەدی لە ڕێگەی چەند هێرشێکی درۆنی ئێرانییەوە کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە بەشێک لە پاڵاوگەکە ئاگری گرتووە.

ڕژێمی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشی هاوشێوەی کردووەتە سەر ژێرخانی وزەی سعودیە و قەتەر و ئیمارات، وە هەڕەشەی بەردەوامی هێرشەکان دەکات.

ئیدارەی سەرۆک ترامپ بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرزی نرخی نەوت ئامادەیی دەربڕیوە چەند هەنگاوێک بگرێتە بەر.

وەزیری وزەی ئەمەریکا، کرس ڕایت، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند ئەگەر هاتوو ئەمەریکا ئابڵوقە لەسەر نەوتی عەمبارکراوی ئێران لە دەریا لاببات، هەندێ لە وڵاتانی کڕیار دەتوانن لە ماوەی سێ بۆ چوار ڕۆژدا بڕی پێویست لە نەوتیان دەست بکەوێت.

بەڵام سەرۆکی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی فەیس بیڕۆڵ بە ڕۆژنامەی فاینانشەڵ تایمسی ڕاگەیاند، لەوانەیە گەڕاندنەوەی جمووجۆڵی بازاڕی وزە بۆ دۆخی ئاسایی شەش مانگ بخایەنێت.

لەهەمانکاتدا ئیسرائیل بەڵێنی داوە چیتر هێرش نەکاتە سەر کێڵگەی گازی سروشتی پارس، دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ داوای لە بنیامین نەتانیاهو کرد ئامانجەکانی وزە بپارێزێت.

XS
SM
MD
LG