سوپای بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ناوەندی شاری تاران، ئیسماعیل ئەحمەدی سەرۆکی بەشی هەواڵگریی هێزی بەسیجی ئێران کوژراوە.
بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە، ئیسماعیل ئەحمەدی لەو هێرشەی 16ی مانگی سێدا کوژراوە کە تێیدا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند فەرماندەیەکی باڵای بەسیج لە ناوەڕاستی شاری تاران.
پێشتر، ڕۆژی سێشەممە، ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە لەو هێرشەدا فەرماندەی بەسیج غوڵامڕەزا سولەیمانی کوژراوە.
ئیسرائیل دەڵیت لە هێرشەکەی تاراندا چەند بەرپرسێکی تری باڵای بەسیج گیانیان لەدەست داوە، بەڵام ئاماژە بە ژمارەیان ناکات.
ئیسماعیل ئەحمەدی ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرشەکانی بەسیج. ئەو بەرپرسی کاروباری ڕژێم بووە بۆ پاراستنی "ئاسایش و نیزامی گشتی" و تۆمەتبار دەکرێت بە سەرپەرشتیکردنی چەندین ئۆپەراسیۆنی گەورەی سەرکوتکردنی ناوخۆیی، بە تایبەت لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێراندا.
هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ ڕاگەیاندنێکیان لەسەر کوژرانی بەرپرسەکەی بەسیج بڵاو نەکردووەتەوە.