وەزیری دارایی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕژێمی ئێران لە ڕووخاندایە و چەندین بەرپرس ڕیزەکانیان بەجێهێشتووە، بەڵام ڕژێم هاوشێوەی وەزیری پێشووی ڕاگەیاندنی حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی بانگەشەی ناڕاستەوە ئەو شکستانە بشارێتەوە.
وەزیری دارایی سکۆت بێسێنت لە چاوپێکەوتنێکی فۆکس بزنسدا ئەو بانگەشەیەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە پڕوپاگەندە وەسف کرد سەبارەت بەوەی گوایە تاران دەستدەکات بە وەرگرتنی سەرانە لەو کەشتیانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن.
سکۆت بێسێنت ڕایگەیاند، "ئەمە شتێکی بێ مانایە. دەربارەی ڕژێم لێرەدا گەڕاوینەتەوە قۆناغی محەممەد سەعید سەحاف. ڕژێم لە ڕووخاندایە و خەڵک وا دژی دەوەستنەوە و خەریکین لێکترازان دەبینین."
محەمەد سەعید سەحاف وەزیری ڕاگەیاندنی عێراق بوو لە سەردەمی ڕژێمی بەعس. لە ساڵی 2003 بەوە لە جیهاندا ناوبانگی دەرکرد کە بە بانگەشەی ناڕاست دەیەویست ڕای گشتی وەها تێبگەیەنێتن کە ڕژێمەکەی سەدام حسێن هێزەکانی هاوپەیمانانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا تێکشکاندووە.
هاوشێوەی ڕژێمی بەعسی عێراق، کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی توڕەیی ئەفسانەیی، لە 20 ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین بانگەشەی ناڕاستی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە تێکشکاندنی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا.
یەکێک لە پڕوپاگەندەکان بریتی بوو لە دەنگۆی کوژرانی سەرۆکوەزیری ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهو لە هێرشێکی ئێراندا.
ڕۆژی سێشەممە نەتانیاهو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، مایک هەکەبی دەردەکەوێت. لە ڤیدیۆکەدا، کە زیاتر لە 11 ملیۆن بینەری هەبووە، مایک هەکەبی بە گاڵتەوە دەڵێت لەلایەن سەرۆک ترامپەوە ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی سەردانی نەتانیاهو بکات و دڵنیا ببێتەوە لەوەی زیندووە.
پێچەوانەی بانگەشەکانی ئێران، وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕژێمی ئێران توشی شکستێکی مەزن بووە و توانای هەڵدانی موشەک و درۆنی خۆکوژی بە ڕێژەی 90٪ لەدەست داوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆربەی بنکەکانی دروستکردن و هەڵدانی مووشەکی وێرانکراوە.
وەزیری دارایی ڕایگەیاند حکومەتی ئەمەریکای ئەو هەژمارە بانکییانەی دۆزیوەتەوە کە تایبەتن بە بەرپرسانی ئێران و ئەو هەژمارانە سڕ دەکرێن.
گوتیشی، "ئەو هەژمارانە ڕادەگرین، با بزانین کام لەم سەرکردانە دێت لە ڕژێم دەترازێت. وا دەبینین لێکترازان لە سەرتاپای ڕژێم سەرهەڵدەدات و ئەمەش بەم شێوەیە کۆتایی دێت."
سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئەمڕۆ لە کاتی میوانداری سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی ئاماژەی بەم پرسە دا و گوتی "لێکترازانی زۆر لەسەر ئاستی سەربازی ئێران دەبینین."
لە چاوپێکەوتنەکەی فۆکس بزنسدا وەزیری دارایی هەروەها ڕایگەیاند شیانی هەیە حکومەتی ئەمەریکا هەندێک لەو گەمارۆیانەی سەر نەوتی ئێران هەڵبگرێت بە مەبەستی نزمکردنەوەی نرخی وزە.
ڕایگەیاند ئەو بڕیارەی ئەمەریکا دەبێتە هۆی دابینکردنی 140 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان.