Accessibility links

سعودیە: کۆماری ئیسلامی ژینگەی متمانەی نەهێشتووە

وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە، لە لێدوانێکیدا بە کەناڵی ئێن بی سی ڕاگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ژینگەی " متمانەی بە تەواوەتی لەناوبردووە."

شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی شەوی چوارشەممە هاوکاتی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنداو لە ڕیاز، مووشەکی ئاراستەی پایتەختی سعودیە کرد.

لە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی هەرگیز ئەزموونی "هەوڵێکی وەها ئاشکرای تێکدەرانەی " نەکردووە.

وەزیری دەرەوەی سعودیە هەروەها ئاماژەی بە هێرشە بەرفراوانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ناوچەیی کرد و گوتی ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ڕوویانداوە کە وەزیرانی دەرەوەی ناوچەکە لە ڕیاز کۆدەبنەوە.

هەروەها کەناڵی ئێن بی سی لە میانی دیدارەکەدا هەواڵی ڕاگرتنی مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاوکردەوە.

شازادە فەیسەڵ بن فەرحان لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "ئەم ململانێیە لە قۆناغێکدا کۆتایی دێت، بەڵام دەبێت بڵێم ئەو متمانە کەمەی کە هەشبوو بە تەواوی لەناوچووە."

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە نابێت ئەگەری بەشداریکردنی ڕاستەقینەی وڵاتانی کەنداو بۆ شەڕەکە پشتگوێ بخرێت.

شازادە فەیسەڵ بن فەرحان گوتیشی، "پێموایە گرنگە ئێرانییەکان لەوە تێبگەن کە شانشینی عەرەبستانی سعودیە و هەروەها هاوبەشەکانی کە هێرشیان کراوەتە سەر، هێز و توانای زۆر بەرچاویان هەیە کە ئەگەر بڕیار بدەن دەتوانن بەکاریبهێنن."

لەلایەکی دیکەوە، میدیای دەوڵەتی ئێران بڵاویکردەوە کە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای ”وشیاری و هەماهەنگی“ لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو شتانەی کە بە "ناسەقامگیری و پەرەسەندنی کردەوەکان" لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە وەسفی کرد.

عەراقچی ئەم قسانەی لە پەیوەندی تەلەفۆنی جیادا لەگەڵ هاوتاکانی لە تورکیا، میسر و پاکستان کردووە.

بە وتەی ناوبراو، "هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی ئێران بە ئامانجی پەرەسەندنی گرژییەکان ئەنجام دراون،" ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران درێغی ناکات لە هیچ هەوڵێک بۆ بەرگریکردن لە "سەروەری و ئاسایشی" وڵاتەکەی.

XS
SM
MD
LG