Accessibility links

سوپای ئیسرائیل دوای کوشتنی لاریجانی و سولەیمانی: ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی درێژخایەنە و لەناوبردنەکان بەردەوام دەبن

کەمال پەنجاسی، وتەبێژی فارسی زمان لە سوپای ئیسرائیل، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی ڕێبازی ئۆپەراسیۆنی وڵاتەکەی بەرامبەر بە کەسایەتییە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی دەخاتەڕوو.

لەم کۆنگرەیەدا پەنجاسی کوشتنی عەلی لاریجانی لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی گەورە ناودێر کرد و وتی "ئەم ئۆپەراسیۆنی نەهێشتن و لەناوبردنە، لەسەر بنەمای ستراتیژی گشتی ئیسرائیلە بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان بۆ سەر وڵاتەکەمان."

جەختیشی لەوە کردەوە کە لەناوبردنی غوڵامڕەزا سولەیمانی فەرماندەی بەسیجیش لە هەمان چوارچێوەدا بووە و بەشێک بووە لە پرۆسەیەکی بەرفراوانتر.

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە کاتی ئەم ئۆپەراسیۆنانە و بۆچی دوای چەند هەفتەیەک بڕیارێکی لەو شێوەیە درا، وتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل وتی "بڕیارەکان لەسەر ئەم پرسانە لە ئاستێکی زۆر بەرزی دوو وڵات و بە هەماهەنگی تەواو لە نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا دەدرێن."

ئاماژەی بەوەشکرد لەناوبردنی هاوکاتی کەسایەتییەکی باڵای سیاسی و هەروەها فەرماندەیەکی سەربازی دەرئەنجامی ئەو هەماهەنگییە بووە.

ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی درێژخایەنە

پەنجاسی لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژە بە ئەگەری بەئامانجگرتنی کەسایەتییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی، درێژەی ئەم پرۆسەیەی ڕاگەیاند و وتی "ئەم ئۆپەراسیۆنە درێژخایەن دەبێت و هەتا نەهێشتنی هەموو هەڕەشەکان بەردەوام دەبێت."

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنیا لە کەسایەتییە باڵاکاندا سنووردار نییە و وتیشی "لەناوبردنی تاکەکانی کۆماری ئیسلامی، لە کەسایەتییە باڵاکان و فەرماندەکانەوە، بۆ کەسانی کەم تەمەن، وەک ئەفسەرانی سەرکوتکەر لە بازگەکان، لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت."

ناڕوونی سەبارەت بە موجتەبا خامنەیی

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بارودۆخی موجتەبا خامنەیی، پەنجاسی هەروەها بە تۆنێکی گاڵتەجاڕانە وتی شتەکە ڕوونە و پێویست بە قسە کردن نییە لەسەری، وە وتی "خامنەیی دوو هەفتەیە دوای ئەوەی کرایە ئامانج لەبەردەم خەڵکدا دەرنەکەوتووە، دەبێت چاوەڕێ بکەین و بزانین چی دەبێت."

XS
SM
MD
LG