Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ئامانجی سەرەکی من ڕێگریکردنە لە دەستڕاگەیشتنی ئیمپراتۆریەتی خراپی ئێران بە چەکی ناوکی

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە پۆستێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تروث بڵاویکردەوە "ئەمەریکا بە جیاوازییەکی زۆرەوە، گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا و بۆیە کاتێک نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، ئێمە پارەیەکی زۆر پەیدا دەکەین."

سەرۆک ترامپ لە درێژەی پۆستەکەیدا نووسیوێتی "بەڵام ئەوەی بۆ من وەک سەرۆک زۆر گرنگتر و چارەنووسسازە، ڕێگریکردنە لە دەستڕاگەیشتنی ئیمپراتۆری خراپەکاری ئێران بە چەکی ئەتۆمی و لەناوچوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەڕاستیدا هەموو جیهان."

دەشڵێت "هەرگیز ڕێگە نادەم ئەوە ڕووبدات."

ئەم پۆستەی سەرۆک ترامپ لە کاتێکدایە داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، نرخی نەوتی بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرز کردووەتەوە و هەروەها نرخی گازی شلی لە سەرانسەری جیهاندا بەڕێژەی 45% بەرز کردووەتەوە.

ئەمەریکا کە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا، ڕۆژانە لە نێوان 13 بۆ 13.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، بەڵام تەنها لە نێوان چوار بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات، چونکە بەکارهێنانی ناوخۆیی زۆرە.

لەدوای ئەمەریکا، سعودیە بە نزیکەی 11 ملیۆن بەرمیل بەرهەمێنان، لە پلەی دووەمدایە، بەڵام بەهۆی گرژییەکانی تەنگەی هورمزەوە، بەرهەمهێنانەکەی کەمکردووەتەوە.

ڕۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت کە ڕێڕەوێکی ئاوی تەسکە لەنێوان ئێران و عومان و کەشتییەکان ناچار دەبن لە کەناراوەکانی ئێران نزیکببنەوە بۆ ئەوەی بەم ڕێگایەدا تێپەڕن.

XS
SM
MD
LG