سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کۆمپلێکسێکی تازە نۆژەن کراوی پێوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی کردووەتە ئامانج. ئیسرائیل دەڵێت ئەو شوێنە بۆ "دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لە تاران" بەکار هێنراوە.
لە ڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە سەبارەت بە دوایین وردەکارییەکانی هێرشەکانی سەر ئێران بڵاوکراوەتەوە، بۆ یەکەمجار ئاشکراکراوە دامەزراوەی تاڵەقان لە نزیک تاران کە ئامانجی هێرشە نوێیەکان بووە، پێشتر لە ساڵی 2024یش لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە کۆماری ئیسلامی لە دوای هێرشی پێشووی ئیسرائیل هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوەی تاڵەقانی داوە، هەر بۆیەش ئیسرائیل جارێکی دیکە ئەو شوێنەی کردووەتەوە ئامانج.
ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە شوێنی تاڵەقان لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ پەرەپێدانی "مادەی تەقەمەنی" بەکارهێنراوە، هەروەها لە سەرەتای ساڵانی 2000 بۆ ئەنجامدانی کاری تاقیکردنەوە بە ئامانجی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بەکارهاتووە.
تا ئێستا کاتی وردی هێرشی نوێ بۆ سەر پێگەی ئەتۆمی تاڵەقان لە تاران لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ڕانەگەیەندراوە.