فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕۆژی چوارشەممە، هەواڵێکی چەواشەکاری سوپای پاسدارانی ئێران بە درۆ دەخاتەوە لەسەر ئەوەی گوایە فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری F-15ی ئەمەریکا ئەمرۆ لە باشوری تاران خراوەتە خوارەوە.
سێنتکۆم لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت " هیچ فڕۆکەیەکی ئەمەریکا لەلایەن ئێرانەوە نەخراوەتە خوارەوە." دەشڵێت ڕاستییەکە ئەوەیە "هێزی ئەمەریکا بەردەوامە لە باڵادەستی ئاسمانی بەشێکی زۆری ئێران."
بۆ بەدرۆخستنەوەی هەواڵە چەواشەکارییەکان، سێنتکۆم بەشێکی پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانی دامەزراندووە کە تیایدا ڕاستییەکانی شەڕەکە بڵاو دەکاتەوە.
پێشتریش هەر ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا هۆشداری دا بە هاووڵاتیانی سیڤیل لەوەی ڕژێمی ئێران بەندەرەکانی سیڤیل لە تەنگەی هورمز بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە نێودەوڵەتییەکان بەکاردەهێنێت.
سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئەو کارەی ئێران ژیانی خەڵکی بێ تاوانی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە."
لەشکری ئەمەریکا ڕایشیگەیاند "کاتێک بەندەرە مەدەنییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەکاردەهێنرێن، پارێزبەندییان لەدەستدەدەن و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبنە ئامانجی سەربازیی ڕەوا".
سێنتکۆم داوا لە هاووڵاتیانی مەدەنی ئێران دەکات کە دەستبەجێ خۆیان لەو بەندەرانە بەدوور بگرن کە سوپای ئێران بەکاری دەهێنێت، هەروەها پێویستە تیم و کارمەندانی کەشتییە بازرگانییەکان خۆیان لە کەشتییە دەریاییەکان و سەروەت و سامانی سەربازی ئێران بەدوور بگرن.
هێزی دەریایی ئێران کەشتی و کەرەستەی سەربازیی لە بەندەرە سیڤیلییەکاندا جێگیرکردووە، کە شوێنی کەشتییە بازرگانییەکانە.
ئەمەریکا دەشڵێت لە کاتێکدا سوپای ئەمەریکا ناتوانێت گەرەنتی سەلامەتی خەڵکی مەدەنی لەناو دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران یان لە نزیک دامەزراوەکاندا بکات، بەڵام "هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبن لە هەنگاوەکانی پاراستن یان کەمکردنەوەی قوربانیانی مەدەنی."
سێنتکۆم داوای لە خەڵکی سڤیل لە ئێران کردووە دەستبەجێ هەموو ئەو دامەزراوە و بەندەرانە چۆڵ بکەن کە هێزەکانی ئێران تێیدا چالاکی دەکەن.