دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی سەربازیی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ڕێژیمی ئێران وتی "سوپای ئەمەریکا و هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل لە کۆتایی هەفتەدا بە سەرکەوتوویی بەردەوام بوون لە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی." ئاماژەی بەوەشکرد "لەماوەی نۆ ڕۆژی ڕابردوودا هەندێک لە بەهێزترین و ئاڵۆزترین هێرش و مانۆڕی سەربازیمان ئەنجامداوە کە جیهان یەکەمجارە شتی وای بەخۆیەوە بینیوێت."
سەرۆک ترامپ وتی "ئەگەر ئەوە زیاد بکەیت بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دیکە - لەنێویاندا چەکوشی نیوەشەو کە هەڕەشەی ئەتۆمی ئێرانی نەهێشت و ئەو سەرکەوتنانەی لە ڤەنزوێلا و شوێنەکانی دیکە بەدەستمان هێناوە، ئەوا دەتوانم بڵیم ڕۆیشتووینەتە هەر جێگایەک، سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە."
سەرۆک وتیشی "لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم کارانەدا، ئێمە زۆر لە ئامانجە سەربازییەکانمان نزیک دەبینەوە؛ تەنانەت هەندێک دەڵێن بە تەواوی بەدیهاتوون."
سەرۆک ترامپ وتی "ئێمە نزیکەی هەموو هێزەکانی ڕژێمی ئێرانمان لەناوبردووە. زۆربەی هێزی دەریایی ئەوان نوقم بووە و ئێستا لە بنی دەریادان. نزیکەی 50 کەشتی بوون؛ تەنانەت ئێستا ئاگادارکرامەوە کە 51 کەشتی بوون. نەمدەزانی هێندە کەشتییان زۆرە. ئەم کەشتیانە زۆریان نەخایاند. ئەمانە کەشتی جەنگی بوون و بۆ شەڕ دروستکرابوون، بەڵام بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئێمە دروست نەکرابوون."