Accessibility links

ئەمەریکا هۆشدارییەکی خۆپاراستن بۆ خەڵکی سڤیل لە ئێران بڵاو دەکاتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێتکۆم) ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند "ڕژێمی تیرۆرستی ئێران" ناوچە سڤیلییەکان بۆ پاراستنی ئامانجە سەربازییەکانی بەکاردەهێنێت.

سێنتکۆم لە ڕاگەیاندنێکی دا کە تیایدا خەڵکی ئێران ئاگادار دەکاتەوە دەڵێت " ڕێژیمی ئێران بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان، لە ناویاندا هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالستیکی، کەڵک لە ناوچە مەدەنییەکانی پڕ لە دانیشتوان وەردەگرێت."

دەشڵێت " ئەم بڕیارە مەترسیدارە ژیانی هەموو خەڵکی مەدەنی لە ئێران دەخاتە مەترسییەوە بەو پێیەی ئەو شوێنانەی کە بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنرێن، پێگەی پارێزراو لەدەست دەدەن و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەتوانن ببنە ئامانجی ڕەوای سەربازیی."

باس لەوەش دەکات ئیران لە شارەکانی وەکو سزفول، ئەسفەهان و شیراز ئەم کارەی کردووە.

ئەمەریکا داوا لە خەڵکی سڤیلی ئێران دەکات لە ماڵەکانیان دەرنەچن و و دەڵێت ڕێژیمی ئێران بە مەبەست ژیانی بێتاوانەکان دەخاتە مەترسییەوە.

بێجگە لە خەڵکی ئێران سێنتکۆم دەشڵێت " هێزەکانی ئێران ژیانی خەڵکی بێتاوان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەست دەخەنە مەترسییەوە و هێرشی بێ جیاوازی دەکەنە سەر فڕۆکەخانە سڤیلییەکان، هۆتێلەکان و گەڕەکە پڕ لە دانیشتووەکان."

ئەدمیرال براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت "ڕژێمی تیرۆریستی ئێران بە ئاشکرا ژیانی مەدەنییەکان پشتگوێ دەخات بە هێرشکردنە سەر هاوبەشەکانی کەنداو لە هەمانکاتدا سازش لەسەر سەلامەتی خەڵکی خۆشی دەکات."

سێنتکۆم جەختیش لەوە دەکاتەوە کە سوپای ئەمەریکا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیان بە هاووڵاتیانی سڤیل بەڵام "بەڵام ناتوانێت گەرەنتی سەلامەتی مەدەنییەکان بکات لە ناو ئەو دامەزراوانەی کە ڕژێمی ئێران بۆ مەبەستی سەربازی بەکاریادەهێنێت یان لێوەی نزیکن. بە پێچەوانەی ڕژێمی ئێرانەوە، هێزەکانی ئەمەریکا هێرش ناکەنەنە سەر خەڵکی سڤیل و ژیانیان بە مەبەست ناخەنە مەترسییەوە."

XS
SM
MD
LG