دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەگەر بەرپرسانی ئێران سەرەتا ڕەزامەندی ئەو وەرنەگرن ،ئەوا ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی "زۆر ناخایەنێت".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئەنجومەنی کارناسانی ئێران(مەجلیسی خوبرێگان) نزیک بوونەتەوە لە دەستنیشانکردنی کاندیدکردنی ڕێبەری نوێ. عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاکانی هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل کوژرا.
دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی بە کەناڵی ئەی بی سی نیوز (ABC News)ی ڕاگەیاند "دەبێت ڕەزامەندی ئێمەی هەبێت، ئەگەر ڕەزامەندی ئێمەی نەبێت، ئەوا ماوەیەکی زۆر ناخایەنێت". ئاماژەی بەوەشکرد "دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی کە پێویست ناکات هەر 10 ساڵ جارێک بگەڕێینەوە بۆ ئەم پرسە لەکاتێکدا سەرۆکێکی وەک منیشت نەبێت بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات."
ئاماژەی بەوەشکردووە "نامەوێت خەڵک ناچاربن دوای پێنج ساڵ بگەڕێنەوە دواوە و هەمان کار بکەن یان لەوەش خراپتر ڕێگەی بە ئێران بدەن چەکی ئەتۆمییان دەستبکەوێت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پشتگیری لە کەسێک دەکات کە پەیوەندی بە ڕژێمی پێشووی ئێرانەوە هەبێت، سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامدا وتی "بەڵێ، من دەیکەم، بۆ ئەوەی سەرکردەیەکی باش هەڵبژێرم، بەڵێ دەیکەم، ژمارەیەک کەس هەن کە دەتوانن شایستە بن."
سەبارەت بە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ترامپ ڕایگەیاند کە ڕێژێمی ئێران بەنیازە دەست بەسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پێشی بەو کارە گرتووە.
وتیشی "ئەوان ئێستا پڵنگێکی کاغەزین. بەڵام هەفتەیەک لەمەوبەر پڵنگی کاغەزی نەبوون، ئەوەت پێ دەڵێم. بڕیار بوو هێرش بکەن."
دۆناڵد ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی "پلانەکەیان ئەوە بوو کە هێرش بکەنە سەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەست بەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرن."
سەرۆک ترامپ هەروەها ئەگەری ناردنی هێزی تایبەتی ئەمەریکای بۆ لابردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران ڕەت نەکردەوە و وتی "هەموو شتێک لەسەر مێزە. هەموو شتێک."