Accessibility links

کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان هێرشە مووشەکی و درۆنەکان بۆ سەر هەرێمەکە شەرمەزار دەکەن

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوکارانی ئەو کارمەندە ئاسایشییە دەکات کە شەوی شەممە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کوژرا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و هاوکارانی شەهید وڵات تاهیر، ئەفسەری ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەردەبڕم".

جگە لە لەدەستدانی گیانی وڵات تاهیر، چەند هاوکارێکی دیکەشی لە هێرشەکەدا برینداربوون، هەروەها نێچیرڤان بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا هێرشەکانی سەر هەولێر و هەرێمی کوردستانی شەرمەزار کرد و هاوخەمی خۆی بۆ کوژرانی وڵات تاهیر، ئەندامی تیمی ئەمنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەربڕی.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی هێرشە ناڕەوا و ستەمکارانە و تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان شەهید بوو".

شەوی ڕابردوو ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پاسەوانێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

شایانی باسە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێران شارەکانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە بەر هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و گرووپە چەکدارە بیرکارەکانی لە ناوچەکەدا.

شەوی ڕابردوو، هەولێر و سلێمانی و هەروەها دەڤەری دهۆک کە بیرە نەوتییەکانی لێیە، کەوتنە بەر هێرشی نوێ.

XS
SM
MD
LG