ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز دەڵێت لە پێنج سەرچاوەی ئاگادار زانیویەتی کە دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) داوایەکی پێشکەش بە هەواڵگری بەریتانیا (MI6) کردووە بۆ ئەوەی یارمەتی بدات دژی هەوڵەکان بۆ تیرۆرکردنی ئەحمەد شەرع.
بەڵام تورکیا ئەم زانیارییە بە بێ بنەما دادەنیت و ڕەتی دەکاتەوە میت ئەو داوایەی کردبێت.
ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت چەند بەرپرسێکی باڵای سوریا و بیانی ئاماژەیان کردووە بە بەرزبوونەوەی دڵەڕاوکێ سەبارەت بە سەلامەتی ئەحمەد شەرع، دوای زنجیرەک هەوڵی کوشتن لەلایەن داعشەوە.
سەرچاوەیەکی تورکی بە دەزگاکەی گوتووە دەزگای میت، کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە هێنانە سەر دەستەڵاتی ئەحمەد شەرع، داوای یارمەتی لە MI6 کردووە پاش ئەوەی مانگی ڕابردوو هەوڵ درا ئەحمەد شەرع بکوژرێت.
ڕۆیتەرز لە زاری سه رچاوەیەکی باڵای ئەمنی سوریاوە ڕایگەیاند، ئه و داوایه پاش "پیلانێکی تیرۆرکردنی زۆر مەترسیدار" هاتووەتە ئاراوە؛ ئاماژەی داوە کە میت و MI6 و دەستەڵاتدارانی سوریا بەردەوام زانیاری هەواڵگرییان بەیەکەوە هاوبەش کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هەواڵگریی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ڕۆیتەرزی گوتووە تورکیا لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت، لەهەمان کاتدا، دەزگاکانی هەواڵگری ڕۆژئاوایی بهێنێتە ناو سوریاوە، بەو هیوایەی ببن بە بەربەستێک لە نێوان دەزگاکانی هەواڵگری تورکیا و ئیسرائیل کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی یەکترن لە سوریادا.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی زانیاری ناڕاست لە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی تورکیا ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی زانیارییەکان ناڕاستن.
بەیاننامەکەی حکومەتی تورکیا جەخت دەکاتەوە لەوەی میت لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە ئەمنییەکانی سوریا هاوکاری چالاکی هەیە، بەڵام ئەو هەواڵە ڕاست نییە و بێ بنەمایە کە میت داوای هاوکاری لە MI6 کردبێت بۆ پاراستنی ئەحمەد شەرع.