Accessibility links

هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر سعودیە فڕۆکە و کەشتی جەنگی بەریتانیا دەباتە ناوچەکە

وەزارەتی بەرگری سعودیە ڕایگەیاند 6 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران کە لە هەوڵی هێرشکردنە سەر کێڵگەی نەوتی شەیبە لەو وڵاتەدا بوون، ڕێگرییان لێکراوە و تێکشکێندراون.

کێڵگەی نەوتی شەیبە دەکەوێتە ناوچەی ڕوبع ئەلخالی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سعودیە و زۆر نزیکە لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.

هاوکات کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕۆژی هەینی بە شازادەی جێنشینی سعودیەی ڕاگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە یارمەتی شانشینی سعودیە بدات بۆ بەرگریکردن لە خۆی، هەروەها فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر و کەشتییەکی تری جەنگی بەریتانی ڕەوانەی ناوچەکە کراوە.

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتە حەوتەمین ڕۆژەوە و چەند وڵاتێکی کەنداویش لەلایەن ئێرانەوە کراونە ئامانج. عەرەبستانی سعوودی کە لەمێژە ڕکابەری ئێرانە، لەم چەند ڕۆژەدا لەلایەن ئێرانەوە بە مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی دەکرێتە سەر.

وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وتی ستارمەر دڵنیای داوەتە شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان کە بەریتانیا ئامادەیە پشتگیری لە بەرگریکردن لە شانشینی سعودیە بکات ئەگەر پێویست بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکردەکان باسیان لە بەهێزکردنی هاوکاری هەواڵگری کردووە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکان و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی.

بنکەیەکی ئاسمانی بەریتانیاش لە قوبرس ڕۆژی دووشەممە لە لایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دروستکراوی ئێران کرایە ئامانج؛ حکومەتی قوبرس دەڵێت پێدەچێت لە لوبنانەوە لەلایەن گروپی حزبوڵای سەر بە ئێرانەوە هەڵدرابێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG