Accessibility links

سیناتۆر گراهام  پشتگیری لە هەڵوێستی سەرۆک ترامپ لەمەڕ ئێران دەکات

سیناتۆرێکی بە ناوبانگی ئەمەریکا بە ئاشکرا پشتگیری داواکەی سەرۆک دۆناڵد ترمپ، دەکات بۆ "خۆڕادەستکردنی بێ مەرج"ی ڕژێمی ئێران.

سیناتۆر لینزی گراهام ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیاندنەکەی پلاتفۆرمی X دا، ئێرانی بە "گەورەترین وڵاتی سپۆنسەری تیرۆر" وەسف کرد و ڕژێمی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوکی دەدات و پشتیوانی لە گرووپە چەکدارە بە کرێگیراوەکان دەکات و مووشەکی بالیستیکی پەرەپێدەدات کە دەتوانێت ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئەمەریکا.

سیناتۆر گراهام پێی وایە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ خۆڕادەستکردنی بێ مەرجی ئێران "تاکە ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بەم دێوەزمە ئێرانییە." و ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت گەلی ئێران لەژێر دەسەڵاتێکی لاوازدا بژین کە بەرپرسیارە لە کوشتنی " زیار لە 32 هەزار هاووڵاتیی خۆی."

هەروەها لە بەیاننامەکەدا بەراوردێکی مێژوویی لەگەڵ جەنگی جیهانی دووهەمدا هێنایە ئاراوە و ئاماژەی بەوە کردووە، شکستی ڕژێمەکانی وەک ئەڵمانیای نازی و ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن پێویست بووە بۆ گەیشتن بە ئاشتی جیهانی و دەڵێت "وەک لە جەنگی جیهانی دووهەمدا، خراپەکاری ئەڵمانیای نازی و ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن دەبوو شکستی پێبهێنرێت بۆ ئەوەی جیهان جارێکی دیکە ئاشتی بناسێتەوە. بە هەمان شێوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانیشدا ڕاستە. دەبێت شکستیان پێبهێنرێت."

ئەو سیناتۆرە ستایشی سەرۆک ترامپی کرد بۆ ڕێبەرایەتی بەهێزی لە گەیشتن بەم ئامانجە و دەستخۆشی لە هەموو ئەوانەش کرد کە بەشدارن لە "ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی" وتی "هەوڵە پیرۆزەکانتان دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی ئەو ڕژێمەی کە یەکێکە لە بەدکارترین ڕژێمەکانی سەردەمی مۆدێرن."

پەیامەکەی سیناتۆر لینزی گراهام نوێنەری کارۆلاینای باشوور پاش ئەوە بوو کە سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند " جگە لە خۆڕادەستکردنی بێ مەرج هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا نابێت".

ترامپ لە تۆڕی تروث سۆشیاڵ ئەمڕۆ هەینی ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی ئێران ئەو جۆرە مەرجانە قبوڵ بکات و "سەرکردایەتییەکی مەزن و قبوڵکراو" هەڵبژێرێت، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی کاردەکەن بۆ یارمەتیدانی بنیاتنانەوەی ئابووری وڵاتەکە.

XS
SM
MD
LG