حکومەتی ئازەربایجان باڵیۆزی ئێرانی لە باکۆ بانگهێشت کرد و هۆشداریدا لەوەی هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر خاکی ئازەربایجان بێ وەڵام نابێت.
سەرچاوەکان لەوانە ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئازەربایجانییەکان ڕایانگەیاند، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن ئێرانەوە هەڵدرابوون لە نزیک فڕۆکەخانەی نەخچوان کەوتوونەتە خوارەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەخچیوان 10 کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورە.
میدیا ناوخۆییەکانی ئازەربایجان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند, فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە "لە ئێرانەوە هەڵدرابوو" لە نزیک فڕۆکەخانەکە کەوتە خوارەوە و تەقیوەتەوە..
بەپێی زانیارییەکان، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێرانەوە سنووری ئازەربایجانیان بەزاندووە. ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئازەربایجان هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە تەقینەوەکە لە نزیک فڕۆکەخانەی نەخچوان بووە.
وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان ڕایگەیاند، هێرشی سەر نەخچوان "بێ وەڵام نابێت" و باکۆ خۆی بۆ هەنگاوە پێویستەکان ئامادە دەکات.
ڕژێمی ئێران سەبارەت بەم هێرشە هیچ ڕاگەیەندراوێکی بڵاونەکردووەتەوە.