حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ڕاپۆرتانە ڕەت دەکاتەوە گوایە بەشێکن لە پلانی پڕچەککردنی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران.
پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند " تۆمەتانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێمە بەشێکین لە پلانی پڕچەککردن و ناردنی لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو خاکی ئێران، بە تەواوی بێ بنەمان. ئێمە بە توندترین شێوە ئەمە ڕەتدەکەینەوە و دووپاتی دەکەینەوە کە بە مەبەست و بۆ زیانگەیاندن بڵاودەکرێنەوە."
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی نە حکومەتی هەرێم و نە لایەنە سیاسییەکانی ناو حکومەت "بەشێک نین لە هیچ هەڵمەتێک بۆ فراوانکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە."
دەشڵێت "به پێچه وانه وه داوای ئاشتی و سه قامگیری" لە ناوچەکەدا دەکەن.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکە، هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج، هەرچەندە بەشێکی زۆری مووشەکەکان لەلایەن سیستمی بەرگری ئەمەریکاوە پوچەڵکراوەتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات " دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە و پاراستنی خاک و گەلەکەمان و هەرێمەکەمان."
ڕۆژی چوارشەممە گوتەبێژی کۆشکی سپی کارۆلاین لڤیت، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری بەشداری کورد لە شەڕەکەدا ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەت کردەوە کە گوایە ئەمەریکا هێزە کوردییەکان پڕچەک دەکات بۆ بەشداری کردن لە شەڕ. ئەو گوتی سەرۆک ترامپ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانەدا کردووە کە بوونەتە ئامانجی هێرشەکانی ئێران و لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش قسەی کردووە چونکە بنکەیەکی ئەمەریکایی لە هەولێریش هەیە.