سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا و ئیسرائیل لەم شەڕەدا لەگەڵ ئێران لە پێگەیەکی بەهێزدان و هەرکەسێک ببێتە بژاردەی ڕێبەرایەتی کۆماری ئیسلامی، دەکوژرێت.
ترامپ لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵێک لە کارگێڕانی تەکنەلۆژیا لە کۆشکی سپی وتی، "ئێمە لە ئێستادا لە پێگەیەکی زۆر بەهێزداین، سەرکردایەتییەکەی ئەوان (ئێران) بە خێرایی لەناو دەچێت. هەرکەسێک بیەوێت ببێتە ڕێبەر، لە کۆتاییدا دەکوژرێت".
سەرۆک ترامپ وتیشی، "مووشەکەکانیان زۆر بە خێرایی لەناو دەچن و مووشەک هەڵگرەکانیان یەک بە یەک لەناو دەچن."
دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، بە کەناڵی ئەی بی سی نیوزی گوتووە، "پێش ئەوەی لێم بدات، لێمدا."
چەند ڕۆژێک دوای مردنی خامنەیی، لە کاتێکدا دەنگەکان بۆ دیاریکردنی جێنشینی خامنەیی دەژمێردرا، بینایەک کە 88 ئەندامانی مەجلیسی خوبرگانی تێدابوو، بۆردومان کرا.
سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ چوار بۆ پێنج هەفتە بەردەوام بێت.
ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی ئەمەریکا وتی ئەمە نمایشێکی گەورەی هێزی سەربازییە.
ڕۆژی چوارشەممە، لە پێننجەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمەریکادا، وەزیری جەنگ وەک ئاماژەیەکی ڕووب بۆ بەردەوامی پرۆسەکە ڕایگەیاند، "ئێمە تازە دەستمان پێکردووە."