فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا لە پێنج ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی 'توڕەیی ئەفسانەیی' توانیویانە زیاتر لە 20 کەشتی ڕژێمی ئێران بپێکن یان بە تەواوی نوقمی زەریایان بکەن.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ئاماژەی دا کە شەوی سێشەممە کەشتییەکی جەنگی ناسراو بە "شەهید سولەیمانی" ئێرانی نقوم کردووە، کە لەپێشکەوتوترین کەشتی شەڕکەری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
وەزیری جەنگ پیت هێگسێت لە کاتی ڕاگەیاندنی هەواڵی نقومکردنی کەشتییەکەدا ڕایگەیاند، "هێزی ئاسمانی ئێران نەماوە." گوتیشی، "هێزی کەشتی دەریایی ئێران لە ژێرەوەی ئاوی کەنداوی فارسدا گیرساوەتەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی چوارشەممە هێزی دەریایی وڵاتی سریلانکا ڕایگەیاند لە کەناراوەکانیدا تەرمی هەشتا و حەوت ئێرانی دۆزیوەتەوە و سی و دوو کەسیشی ڕزگارکردووە پاش ئەوەی کەشتییە جەنگییەکەیان لەلایەن ژێردەریاییەکی ئەمەریکاوە لێی درا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، سەد و هەشتا کەس لەو کەشتییەدا بوون.
ڕۆژی چوارشەممە، لە پێننجەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمەریکادا، وەزیری جەنگ وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی دژ بە ڕژێمی ئێران ڕایگەیاند، "ئێمە تازە دەستمان پێکردووە. "